كاتى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی ئاشكرابوو

هەواڵ / کوردستان :: 12/01/2019‌ :: 1310‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی پارتی و یه‌كێتیی ده‌ستیپێكردووه‌و بڕیاریشه‌ له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوخۆی یه‌كێتیی له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولا بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناعه‌ كۆببنه‌وه‌.


له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كانی 19ی كانونی یه‌كه‌می مانگی ڕابردوو، تاوه‌كو ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆنه‌بووه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ وابڕیاربوو هه‌فته‌ی ڕابردوو شاندی باڵای پارتی و یه‌كێتی كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كۆبوونه‌وه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی دانوستانكاری هه‌ردوولا ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ڕێككه‌وتوون به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كان، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان شاندی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولا ئه‌نجامبدرێت بۆ تێپه‌راندنی ئه‌م قۆناغه‌و نه‌هێشتنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كان به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی.

دواڕۆژ له‌و سه‌رچاوه‌یه‌وه‌ زانیویه‌تی هه‌موو ئاماژه‌كان بۆئه‌وه‌یه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌نجامبدرێت، ئه‌مه‌ش ده‌وستێته‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌ 13ی كانونی دووه‌می یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، كه‌ وابڕیاره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوخۆی له‌سه‌ر ئاستی بڕیار به‌ده‌ستدانی ئه‌و حزبه‌ ئه‌نجامبدرێت.

فرسه‌ت سۆفی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12ی كانونی دووه‌م له‌ لێدوانێكیدا به‌ میدیاكانی ڕاگه‌یاند : هێشتا هیچ كات و واده‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی گه‌ڕی سێهه‌می كۆبوونه‌وه‌كان دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵام پارتی جدیه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا گفتووگۆی جدی ده‌ستپێبكات.

وتیشى" هه‌وڵ و لێكتێگه‌یشتن هه‌یه‌و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌میشدا ده‌گه‌نه‌ ده‌ره‌نجامی باش چونكه‌ ئه‌گه‌ر ناكۆكییش هه‌بێت ڕێگه‌ چاره‌هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ماوه‌ی كاتێكی دیاریكراو ئه‌نجامی باش به‌ ده‌ستده‌هێنرێت و با خه‌ڵكی كوردستان دڵ خۆشبن".

پێشتری فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ لێدوانێكیدا به‌ میدیای فه‌رمی حزبه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندبوو: زۆر ئاساییه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌كان دواده‌خرێن، به‌ڵام ئێمه‌ ناهێڵین كۆبووه‌نه‌وكان بگه‌نه‌ بنبه‌ست، چونكه‌ راسته‌ بۆچوونی جیاواز هه‌یه‌، به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شیان هه‌یه‌و هه‌ردوولاش خه‌بات و قوربانیانداوه‌ و شه‌ڕی داعشیان كردووه‌ و به‌رپرسیاریه‌تی زۆریان له‌ سه‌ره‌.

پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure