له‌جێگه‌ى فه‌رمانبه‌رانى خانه‌نشینكراو گرێبه‌سته‌كان ده‌كرێنه‌ هه‌میشه‌یى

هەواڵ / کوردستانی :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 2923‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
سه‌رۆك شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایكرد: وه‌زاره‌تى دارایى حكومه‌تى هه‌رێم ره‌زامه‌ندى ده‌ربڕیوە به‌ نوێكردنه‌وه‌ى گرێبه‌ستى 129 كارمه‌ندى شاره‌وانى كه‌ مووچه‌كانیان به‌ گوێره‌ى بڕوانامه‌كانیان دیاریكراوه‌، هاوكات نزیكه‌ى 40 فه‌رمانبه‌رى هه‌میشه‌یش خانه‌نشینكراون و له‌ جێگه‌یان فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست داده‌نرێن.


كوێستان ئه‌كره‌م، سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى لە کۆتایی ساڵی رابردوو گرێبه‌ستى فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندانى شاره‌وانیمان كۆتایى هات، به‌ڵام ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ به‌شێوه‌ى خۆبه‌خش درێژه‌یان به‌ كاره‌كه‌یاندا و تا دواجار به‌ هه‌وڵى به‌شى كارگێڕى و خۆیه‌تى شاره‌وانی توانرا ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى دارایى وه‌ربگرین به‌ نوێكردنه‌وه‌ى گرێبه‌سته‌كانیان بۆ ساڵێکی تر.

وتیشی: "له‌وه‌ته‌ى قه‌یرانى دارایى سه‌ریهه‌ڵداوه‌ هیچ فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندێكمان به‌شێوه‌ى هه‌میشه‌یى بۆ دانه‌مه‌زراوه‌ هاوكات نزیكه‌ى 40 كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ریشمان به‌هۆى زۆرى خزمه‌تییانه‌وه‌ خانه‌نشینكراون، ئه‌مه‌ش گرفتێكى زۆرى بۆ دروستكردوین، بۆیه‌ له‌ دواى په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى ساڵى 2019 له‌ جێگه‌ى ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ خانه‌نشینكراوانه‌ فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست له‌ جێگه‌یان ده‌كرێنه‌ هه‌میشه‌یى".

سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت: "مووچه‌ى كارمه‌ندانى گرێبه‌ست به‌ گوێره‌ى جۆرى كاره‌كه‌یان و بڕوانامه‌كانیان جیاوازى هه‌یه‌، به‌جۆرێك هه‌ڵگرانى بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆس كه‌ شۆفێرى ئامێره‌ گه‌وره‌كانن مانگانه‌ 600 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن و بڕوانامه‌ى دبلۆم مانگانه‌ 500 هه‌زار و تا نزمترین بڕوانامه‌ نزیكه‌ى 400 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن".

پ: ن. ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure