چه‌ند رێنماییه‌ك سه‌باره‌ت به‌ نووسینی رۆمان له‌ زمانی نووسه‌ره‌ مه‌زنه‌كانی جیهان-ه‌وه‌

هەواڵ / که‌لتور :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 49‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌گه‌ر نووسه‌ریت، ئه‌وا بزانه‌ ته‌نانه‌ت نووسه‌ره‌ زۆر به‌تواناكانیش هه‌ندێ جار ده‌توانن سوود له‌ رێنمایی نووسه‌ره‌ مه‌زنه‌كان ببینن بۆ گه‌شه‌پێدانی توانای بیركردنه‌وه‌ی خۆیان. 

 
لێره‌دا هه‌ندێ رێنمایی و خه‌سڵه‌ت و نه‌ریتی ئیلهامبه‌خشی (كورتى) چه‌ند نووسه‌رێك بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت وه‌ك نووسه‌رێك بیربكه‌یته‌وه‌ و له‌ نووسیندا داهێنانی خۆت بكه‌یت.

1- به‌رهه‌می نووسه‌ره‌ مه‌زنه‌كان بخوێنه‌ره‌وه‌:
سامپسۆن به‌ نووسینه‌وه‌ی رۆمانه‌كانی هه‌مه‌نگوای به‌ناوبانگ بوو. ئه‌مه‌ی ته‌نیا بۆ ناسین و فێربوونی وشه‌كان ده‌كرد. به‌و ئومێده‌ی بتوانێت له‌ جاران زیاتر ده‌رك به‌ زانین و روانینی ئه‌ده‌بیی خۆی بكات.

2- به‌وردیی سه‌یری هه‌موو شتێك بكه‌:
مارینا كیگان:"له‌ هه‌موو شوێن و كاتێكدا له‌ كڵاس-ه‌وه‌ بگره‌ تا كتێبخانه‌ و پێش چوونه‌ ناو پێخه‌ف، له‌ناو شه‌مه‌نده‌فه‌ریشدا، هه‌ر شتێك كه‌ به‌لامه‌وه‌ سه‌رنجراكێش بوایه‌ ده‌منووسی. جووڵه‌ی ده‌ستی خزمه‌تكار، چاوی سایه‌ق ته‌كسی و هه‌موو شتێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ كه‌ ده‌هاته‌ به‌رچاوم و ده‌كرا وه‌سف بكرێت ده‌منووسى".

3- رۆژانه‌ خه‌ون ببینه‌:
جوان دیدۆن:"ئایا جگه‌له‌وه‌ی به‌ خه‌ونبینین و نووسین ده‌ستم به‌ ئه‌ندیشه‌كانم ده‌گات شتێكی دیكه‌ هه‌یه‌؟".

4- ئه‌زموونه‌ راسته‌قینه‌ و تایبه‌تییه‌كانی خۆت بنووسه‌ره‌وه‌:
ماركیز:"ئه‌گه‌ر داوام لێبكه‌ن رێنمایی نووسه‌ره‌ گه‌نجه‌كان بكه‌م، پێیان ده‌ڵێم ئه‌وه‌ بنووسنه‌وه‌ كه‌ سه‌روه‌ختێ به‌سه‌ر خۆتان هاتووه‌، هه‌میشه‌ به‌ ئاسانی ده‌توانی ئه‌وه‌ ده‌ستنیشان بكه‌یت كه‌ ده‌قی نووسه‌رێك له‌ ئه‌زموونه‌كانی خۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ یان له‌ كه‌سانی دیكه‌ی بیستووه‌ یان خوێندوویه‌ته‌وه‌".

5- با نووسین ئه‌وله‌ویه‌تت بێت:
هێنری میله‌ر:"پێش هه‌موو ئیشێ بنووسه‌. وێنه‌كێشان، گوێگرتن له‌ مۆسیقا، كات به‌سه‌ربردن له‌گه‌ڵ هاوڕێیاندا، چوونه‌ سینه‌ما و هه‌موو ئیشه‌كانی دیكه‌ ده‌بێت بخرێنه‌ دوای نووسینه‌وه‌".
 
6- سه‌رچاوه‌ی ئیلهامبه‌خشی داهێنانت له‌ هه‌ر جێگایه‌كدایه‌ بیدۆزه‌ره‌وه‌:
گیرترود ستین:"باشترین بیرۆكه‌ی ئیشه‌كانم سه‌روه‌ختێ هاتنه‌ مێشكمه‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی سه‌یاره‌ لێخوڕیندا له‌ مانگایه‌كی كه‌ناری جاده‌كه‌ رامام".
 
7- ئه‌وه‌ی هه‌ڵتبژاردووه‌ قبووڵی بكه‌:
مارگرێت ئه‌توود:"بۆ بوون به‌ نووسه‌ر، له‌وانه‌یه‌ پێویستت به‌ فه‌رهه‌نگێكی گشتی و كتێبێكی رێزمانی سه‌ره‌تایی و خۆشه‌ته‌كدان به‌ واقیعه‌وه‌ بێت! ئه‌مه‌ی دوایی واته‌: هیچ شتێك به‌خۆڕایی نییه‌. نووسین كار و پیشه‌ی تۆیه‌. له‌ هه‌مانكاتدا جۆره‌ قومارێكیشه‌. تۆ هه‌رگیز مووچه‌ی خانه‌شینی وه‌رناگریت له‌وانه‌یه‌ هه‌موو خه‌ڵك كه‌مێك یارمه‌تیت بده‌ن به‌ڵام به‌گشتی ده‌بێت له‌سه‌ر پێی خۆت بوه‌ستیت. كه‌س ناچاری نه‌كردووی ببیت به‌نووسه‌ر. خۆت نووسه‌رییت هه‌ڵبژاردووه‌، كه‌واته‌ بۆڵه‌ بۆڵ و گله‌یی مه‌كه".

8- گۆشه‌یه‌كی ئارام بۆ ته‌نیاییت بدۆزه‌ره‌وه‌:
زادی سمیس:"ئه‌و جێگایه‌ی بۆ نووسین هه‌ڵیده‌بژێریت ده‌بێت ئارام و چۆڵ بێت. له‌ كاتی نووسیندا پارێزگاریی له‌ كات و فه‌زای خۆت بكه‌. هه‌مووان له‌ نووسینه‌كانی خۆت دوور بخه‌ره‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئازیزترین كه‌سیشت بن."

9- خۆت بكه‌ به‌ ده‌روونشیكار:
فلانه‌ری ئۆكۆنۆر:"هه‌ر كه‌سێ به‌ زیندوویی گیانی خۆی له‌ قۆناغی مناڵیی ده‌ربازكردبێت، ئه‌وه‌نده‌ زانیاریی له‌ ژیان به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ بتوانێ هه‌تا كۆتایی ته‌مه‌نی له‌ باره‌یانه‌وه‌ بنووسێت".

10- رسته‌ی كلیلیی یان بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی بهێنه‌ره‌ به‌رچاوت:
ئانا لامۆت:"نووسه‌ران ده‌بێت پڕۆژه‌كانی خۆیان وه‌كو هه‌نگاوه‌كانی سه‌ره‌تای مناڵ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رن".

11- ته‌نیا له‌گه‌ڵ خۆتدا ركابه‌ریی بكه‌:
ولیام فۆكنه‌ر:"نووسه‌ران نابێت هه‌رگیز له‌وه‌ی نووسیویانه‌ رازیی بن. چونكه‌ نووسین هه‌رگیز به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ پێویسته‌ بنووسرێت ده‌رناچێت. خۆت به‌ به‌راوردی بێهووده‌وه‌ له‌گه‌ڵ نووسه‌رانی پێش خۆت و هاوچه‌رخانی خۆتدا عه‌زاب مه‌ده‌. ته‌نیا هه‌وڵبده‌ له‌ خۆت باشتر بیت".

12- ته‌نها ئیشه‌كه‌ بكه‌:
ستیفان كینگ:"زۆر بخوێنه‌ره‌وه‌وه‌ و زۆر بنووسه‌. من جگه‌ له‌م دوو رێگایه‌ شاره‌زای هیچ رێگایه‌كی دیكه‌ نیم، خۆت ماندوو مه‌كه‌ هیچ رێگایه‌كی قه‌دبڕ له‌ ئارادا نییه‌".

13- به‌ چێژه‌وه‌ ئیشه‌كه‌ بكه‌:
جۆیس كارۆل ئۆتس:"به‌ دڵی خۆت، به‌ عه‌شقه‌وه‌ بنووسه"‌.


له‌ كوردستانى نوێ، به‌ده‌ستكارییه‌وه‌



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure