پارێزگاری هه‌ولێر بڕیارێكی كاتی ده‌ركرد

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 47306‌ جار بینراوە
دیمه‌نێك له‌و كێشه‌ى هاتوچۆیه‌ى كه‌ دروستبووه‌

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
به‌هۆی گه‌شتكردنى خه‌ڵكێكی زۆر بۆ ناو به‌فر له‌ هه‌ولێر ماوه‌ی چوار كاتژمێره‌ نزیكه‌ی هه‌زار ئۆتۆمبێل گیریانخواردووه‌ هه‌ر ئه‌مشه‌ویش پارێزگاری هه‌ولێر بڕیاریدا بۆ كۆتایی هێنان به‌م كێشه‌یه‌ تونێلی پیرمام به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی بكرێته‌وه‌. 


فازل حاجی، وته‌بێژی هاتووچۆی هه‌ولێر به‌دواڕۆژی راگه‌یاند :"ئه‌مڕۆ هه‌ینی 11ى كانونى دووەم، خه‌ڵكی زۆر به‌مه‌به‌ستی كاتبه‌سه‌ بردن له‌ناو به‌فر چوونه‌ته‌ شه‌قڵاوه‌ و حاجی ئۆمه‌ران و چیای سه‌فین". 

وتیشی :"له‌كاتی ئێواره‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، به‌ڵام شه‌قامه‌كه‌ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌م هه‌موو ئۆتۆمبێله‌ له‌ یه‌كاتدا له‌خۆی بگرێت و خه‌ڵكی هاوكاری یه‌كتری نه‌كردووه‌ بۆیه‌، ماوه‌ی چوار كاتژمێره‌ نزیكه‌ی هه‌زار ئۆتۆمبێل گیریان خواردووه‌". 

فازل حاجی ئاماژه‌ی به‌وەشكرد :"بۆ كۆتایی هێنان به‌مكێشه‌یه‌ ئه‌مشه‌و پارێزگاری هه‌ولێر بڕیاریدا به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی تونێلی پیرمام به‌ رووی شوفێراندا بكرێته‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ نه‌مێنێت". 

پرۆژه‌ی تونێلی پیرمام تاوه‌كو ئێستا ته‌واونه‌بووه‌ و به‌رووی شوفێران نه‌كراوه‌ته‌وه‌، كاركردنیش له‌ پرۆژه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌ یه‌كێك له‌ پرۆژه‌ گرنگه‌كان داده‌نرێت بۆ هاتووچۆی هه‌ولێر و قه‌زاكانی شه‌قڵاوه‌ و سۆران و حاجی ئۆمه‌ران و رواندووز.  

پێداچونەوە: ئاهەنگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure