كه‌لار: ئه‌و كۆمپانیایه‌ى بڕیاربوو شوقه‌ بۆ خه‌ڵكى كه‌مدرامه‌ت دروستبكات وازى له‌ كاره‌كه‌ى هێناوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 11/01/2019‌ :: 358‌ جار بینراوە
وێنه‌یه‌ك له‌ شوقه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كان

تاگ :: خانووبەرە

هەواڵی پەیوەندیدار

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو 144 یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون له‌ شێوازى شوقه‌ بۆ  خه‌ڵكى كه‌مده‌رامه‌ت و هه‌ژارى سنوورى كه‌لار دروستبكرێن، به‌ڵام كۆمپانیاى جێبه‌جێكار وازى لێهێناوه‌، قایمقامى كه‌لار-يش دەڵێت :"له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكوومه‌تى هه‌رێم پاره‌ى پێنه‌داوه‌  كۆمپانیاكه‌ وازى له‌ كاره‌كه‌ى هێناوه‌"

شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى كه‌لار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند :"ئه‌و یه‌كه‌ نیشته‌جێبوونانه‌ى كه‌ ژماره‌یان 144 شوقه‌یه‌ و بۆ خه‌ڵكى كه‌مدرامه‌تى سنوورى كه‌لار دروستده‌كرێت له‌ زنجیره‌یه‌ك كارى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ خه‌ڵكى هه‌ژارى ناوچه‌كه‌، كۆمپانیاى جێبه‌جێكار كه‌ كۆمپانیایه‌كى ئێرانییه‌ وازى له‌ كاره‌كانى هێناوه‌ و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ وڵاتى ئێران". 

وتیشى :"كۆمپانیاكه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ وازى له‌ كاره‌كه‌ى هێناوه‌ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌، حكوومه‌تى هه‌رێم پاره‌ى پێنه‌داوه‌، به‌شێكى زۆرى كاره‌كانیشى ته‌واوكردووه‌". 

قایمقامى كه‌لار ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو :"له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى گه‌رمیانه‌وه‌ نووسراو ئاراسته‌ى حكوومه‌ت كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌كه‌ بدرێته‌ كۆمپانیایه‌كى دیكه‌، هه‌وڵبدرێت ته‌واوبكرێت بۆئه‌وه‌ى به‌ سه‌ر خه‌ڵكى هه‌ژار و كه‌مدرامه‌تدا دابه‌شبكرێن". 

پێش دروستبوونى قه‌یرانى دارایى، حكوومه‌تى هه‌رێم بڕیارى دروستكردنى ژماره‌یه‌ك یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوونیدا له‌ سنوورى شارى كه‌لار كه‌ به‌ بێ پێشه‌كى و به‌ قیستى درێژخایه‌ن به‌سه‌ر خه‌ڵكى هه‌ژار و كه‌مدرامه‌ت دابه‌ش ده‌كرێن.

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure