راپه‌ڕین: کاتی دانانی پرسە و کرێی قورئانخوێن کەمدەکرێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 11/01/2019‌ :: 18931‌ جار بینراوە

دواڕۆژ ، محەمەد مستەفا
بەڕێوبەرایەتی ئەوقافی راپەڕین کاتی دانانی پرسە و کرێی قورئانخوێنی پرسەکان لە سنوری ئیدارەی راپەڕین کەمدەکاتەوە، بەڕێوبەری ئەوقافی راپەڕین-یش دەڵێت :"کرێی قورئانخوێن لە پرسەکاندا بۆ هەر رۆژێک دەکرێتە 25 هەزار دینار".


غەریب ئەحمەد، بەڕێوبەری ئەوقافی راپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند :"ماوەی زیاتر لە 5 ساڵ لەمەوبەر بەرنامە هەبووە کە کاتی دانانی پرسە لە دەڤەری راپەڕین هاوشێوەی شارەکانی تری هەرێمی کوردستان کەمبکرێتەوە، بەڵام بەهۆی پرسەی ئەو ژمارە زۆرە شەهیدەی کە دەڤەرەکە لە شەڕی داعش بەخشی، نەتوانرا لەو ماوەیەدا دەستکاری کاتی پرسە بکرێت".

وتیشی :"لەسەر داواکاری هاوڵاتیان و ئەو بارە قورسەی کە پرسە خستویەتە سەر شانی هاوڵاتیان بە هەماهەنگی مامۆستایانی ئاینی کەسایەتیەکانی سنورەکە، دوای چەندین کۆبونەوە، بڕیارماندا کە کاتی پرسە و کرێی قورئان خوێنی پرسەکان کەمبکرێتەوە و لە هەفتەی ئایندەش بڕیارەکە ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت بۆ جێ بەجێکردنی". 

 بەڕێوبەری ئەوقافی راپەڕین جەختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردەوە :"تا ئێستا کرێی قورئانخوێندن لە پرسەکان ناجێگیر بووە، بڕەکەی لە نێوان 50 بۆ 75 هەزار دیناری عێراقی بووە، بەڵام لەمەودوا رۆژانە تەنیا بڕی 25 هەزار دەدرێت بە قورئان خوێنی پرسە".

باسی لەوەشکرد :"تا ئێستا کاتی پرسە لە سنورەکە دوو رۆژی تەواوبووە، بەڵام لەمەودوا پرسە دەکرێتە تەنها دوانیوەڕۆی دوو ڕۆژ".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure