شاره‌زایه‌كى یاسایى راى خۆی له‌باره‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان لە کەرکوک ده‌خاته‌ڕوو

هەواڵ / کوردستان :: 12/01/2019‌ :: 282‌ جار بینراوە

تاگ :: كه‌ركوك

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
شاره‌زایه‌كی ده‌ستور و یاسای عێراق رای خۆی له‌باره‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گای یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك ده‌خاته‌ڕوو و پێشبینی ده‌كات "دادگای فیدراڵی رێگا به‌هه‌ڵكردنی نه‌دات له‌كه‌ركوك".


تاریق حه‌رب، شاره‌زا له‌بواری ده‌ستور و یاسای عێراقی به‌ دواڕۆژی وت :"دادگای باڵای ده‌ستوری پێشوتر له‌باره‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان بڕیاری خۆیداوه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ په‌یوه‌ندی به‌هه‌ڵكردنی ئاڵاوه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ حكومیه‌كان نه‌وه‌كو باره‌گا حزبیه‌كان".

وتیشی :"هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان به‌ته‌نها له‌سه‌ر باره‌گا حزبیه‌كان له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ هه‌نگاوێكی قبوڵكراوه‌، به‌ڵام ده‌بێت چاوه‌ڕێی بڕیاری دادگا بكه‌ین به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ركوك ناوچه‌یه‌كی كێشه‌ له‌سه‌ره‌، به‌ڵام پارێزگایه‌كی رێكنه‌خراوه‌ له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمدا ئه‌وه‌یش به‌پێی ده‌ستور به‌شێكه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان".

سێشه‌ممه‌ى رابردوو یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ئاڵاى كوردستانى له‌سه‌ر باره‌گاكانى خۆى له‌ كه‌ركوك هه‌ڵكرد، به‌ڵام دواتر هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و پارێزگارى كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت ناڕه‌زاییان له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌ربڕى.

ئه‌و شاره‌زایه‌ی ده‌ستوری عێراقی پێشبینیشیكرد: "دادگای فیدراڵی له‌بڕیاره‌كه‌یدا رێگا نه‌دات ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌كه‌ركوك هه‌ڵبكرێت ئه‌وه‌یش به‌هۆی ئه‌وه‌ی شاره‌كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌دایه‌ و ته‌نانه‌ت له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا له‌گه‌ڵ عێراقدایه‌".

تارق حه‌رب نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ حزبه‌كان و هاوڵاتیان كورد پێویسته‌ له‌كاتی هه‌ڵكردنی ئه‌و ئاڵایه‌دا كاتی گونجاو هه‌ڵبژێرن و ئاگاداری كاته‌ هه‌ستیاره‌كان بن، بۆ نمونه‌ له‌مانگی ئازاردا مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌ئاهه‌نگ و بۆنه‌ نیشتیمانیه‌كان ئاڵای هه‌رێمی كوردستان به‌رزبكه‌نه‌وه‌ و كه‌سیش كێشه‌یان بۆ دروست ناكات.

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure