كه‌نه‌دا یەک ملیۆن کۆچبەر وەردەگرێت

هەواڵ / جیهان :: 11/01/2019‌ :: 47233‌ جار بینراوە

تاگ :: پەنابەران

دواڕۆژ
په‌رله‌مانى كه‌نه‌دا به‌ هاوكارى وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى ئه‌و وڵاته‌ بڕیاریداوه‌ له‌ماوه‌ى سێ ساڵى داهاتوودا یه‌ك مليۆن کۆچبەر وه‌ربگرێت، وه‌زیرى كۆچ و كۆچبه‌رانى ئه‌و وڵاته‌ش ده‌ڵێت: "سوپاسى کۆچبەره‌ به‌ڕێزه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ رووده‌كه‌نه‌ وڵاته‌كه‌ى ئێمه‌، چونكه‌ بوونه‌ته‌ هۆكارێك بۆ زیاتر به‌ره‌وپێشچوونى كه‌نه‌دا".


ئه‌حمه‌د حسێن، وه‌زیرى كۆچ و پەنابەران و هاوڵاتیبوونی كه‌نه‌دا ناسراو به‌ (IRCC) له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 10ى كانونى دووەم، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت: "زۆر سوپاسى کۆچبەرە  به‌ڕێزه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ بوونه‌ هۆكارێك بۆ زیاتر به‌هێزكردن و به‌ره‌وپێشبردنى كه‌نه‌دا، بڕیارى وه‌رگرتنى کۆچبەری زیاتریش یارمه‌تى هاوسه‌نگكردنى ئه‌و ناهاوسه‌نگییه‌ ده‌دات كه‌ له‌ رێژه‌ى له‌دایكبووندا هه‌یه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ماندا و هێزى كاریش زیاتر ده‌كات".

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌ :"وه‌زاره‌ته‌كه‌ى 5.6 ملیۆن دۆلارى ته‌رخانكردووه‌ بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانى پرۆگرامى دووباره‌ هاونیشتیمانیكردنه‌وه‌".

به‌پێى زانیارییه‌كان كه‌ میدیاكانى كه‌نه‌دا بڵاویانكردوونه‌ته‌وه‌، ورده‌كارى بڕیاره‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ حكومه‌تى كه‌نه‌دا له‌ ساڵى 2019دا پلانى هه‌یه‌ 350,000 کۆچبەر  وه‌ربگرێت، له‌ ساڵى 2020یشدا 360,000 کۆچبەر  وه‌ربگرێت، له‌ ساڵى 2021یشدا رێژه‌كه‌ زیاتر به‌رزبكاته‌وه‌ و بگاته‌ 370,000 كه‌س"، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ له‌ ساڵى 2017 ئه‌و وڵاته‌  286,000 په‌نابه‌رى وه‌رگرتووه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، پێشینه‌ى وه‌رگرتنى په‌نابه‌ر و مافى کۆچبەرى له‌ كه‌نه‌دا ده‌درێت به‌ هاووڵاتیانى وڵاتى نه‌یجیریا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌رگرتنى کۆچبەر  له‌ هیچ وڵاتێكه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ نه‌كراوه‌، هیچ مه‌رجێكی تایبەتیش دانه‌نراوه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ ده‌یه‌وێت مافى هاوڵاتیبوونه‌كه‌ به‌ده‌ستبهێنێت.

ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌یه‌ كه‌ هه‌ركه‌سێك پێیدا تێپه‌ڕده‌بێت له‌كاتى هه‌بوونى خواست بۆ بوون به‌ یه‌كێك له‌و ملیۆن كه‌سه‌ى كه‌ ده‌یه‌وێت ببێته‌ هاووڵاتى كه‌نه‌دی له‌ سێ ساڵى داهاتوودا، هاوكات چه‌ند تێبینییه‌كى گرنگن كه‌ پێویسته‌ ئه‌و كه‌سه‌ له‌به‌چاویان بگرێت.

یه‌كه‌م: وه‌رگرتنى فیزاى كه‌نه‌دا
وێبسایتى وه‌زاره‌تى كۆچبه‌رانى كه‌نه‌دا رێگه‌ به‌هه‌موو كه‌سێك ده‌دات كه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى ساده‌ بكات، بۆ ئه‌وه‌ى بۆى ده‌ربكه‌وێت كه‌ چ جۆره‌ ڤیزایه‌ك باشترینه‌ بۆى بە چونە ناو ئەو وڵاتە، پاشان حكومه‌تى كه‌نه‌دا ڤیزایه‌كى تایبه‌تى داناوه‌ به‌ناوى (IEC) ڤیزا كه‌ رێگه‌ به‌ كه‌سانى گه‌نج ده‌دات له‌نێوان ته‌مه‌نى 18 بۆ 30 ساڵى سه‌ردانى كه‌نه‌دا بكه‌ن و له‌و وڵاته‌ كاربكه‌ن و بمێننه‌وه‌، كه‌واتا ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ خواستى هه‌یه‌ پێویسته‌ سه‌ره‌تا ڤیزایه‌كى گونجاوى كه‌نه‌دا به‌ده‌ستبهێنێت.

دووه‌م: جێگاى مانه‌وه‌ بدۆزه‌ره‌وه‌
پێش ئه‌وه‌ى سه‌ردانى كه‌نه‌دا بكه‌یت، پێویسته‌ سه‌ره‌تا شوێنێكى مانه‌وه‌ی گونجا په‌یدا بكه‌یت، ئه‌م كاره‌ش له‌ڕێگه‌ى هه‌روو وێبسایتى به‌ناوبانگى ( Craigslist و Kijiji) ده‌بێت كه‌ ژورى مانه‌وه‌، خانوو، شوقه‌ى تایبه‌تیان هه‌یه‌، بۆ مانه‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م شاره‌ گه‌وره‌كانى كه‌نه‌دا و به‌كرێیده‌ده‌ن.

سێیه‌م: دۆزینه‌وه‌ى كار
پێویسته‌ پێش ئه‌وه‌ى كارێك بدۆزیته‌وه‌، دڵنیایى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌نه‌دى وه‌ربگریت، وه‌رگرتنى ئه‌م دڵنیاییه‌ش له‌ كه‌نه‌دا ئاسانترین كاره‌، پاشان بگه‌ڕێ بۆ كارێك بۆ ئه‌وه‌ى بیكه‌یت، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ ڤیزاكه‌ت بپشكنه‌، چونكه‌ چه‌ند جۆرێك ڤیزا هه‌یه‌ كه‌ پێى ده‌چیته‌ ناو كه‌نه‌دا، رێگه‌ت پێنادات هه‌موو كارێك بكه‌یت.

چوارم: له‌و شاره‌ نیشته‌جێبه‌ كه‌ بۆت گونجاوه‌
به‌گوێره‌ى ئه‌و كه‌شوهه‌وا و جۆرى كه‌سایه‌تی و باكگراوه‌نده‌ كلتورییه‌ى كه‌ هه‌ته‌ ئه‌و شاره‌ هه‌ڵبژێره‌ كه‌ ده‌ته‌وێت تێدا بژیت، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ئیشى ده‌ره‌وه‌ بكه‌یت ئه‌وه‌ له‌ ڤانكۆڤه‌ر نیشته‌جێبه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت له‌ناو كه‌رته‌كانى پشه‌سازى، ته‌ندروستى، وزه‌ كاربكه‌یت هه‌وڵبده‌ له‌ ئیدمۆنتن نیشته‌جێبه‌. 

پێنجه‌م: خوێندن له‌ كه‌نه‌دا
خوێندن له‌ زانكۆ و ناوه‌ندى زانستییه‌كانى كه‌نه‌دا ئاسانترین رێگایه‌ بۆ وه‌رگرتنى مافى مانه‌وه‌ى هه‌میشه‌ى له‌و وڵاته‌، چونكه‌ به‌پێى ئه‌و بڕوانامه‌یه‌ى كه‌ له‌و وڵاته‌ وه‌ریده‌گریت ده‌بیته‌ باشترین كاندید بۆ وه‌رگرتنى مافى مانه‌وه‌ له‌و وڵاته‌.

ئامادەکردن: ئاهه‌نگ حسێن

پێداچونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە