حكومه‌تى هه‌رێم له‌ باره‌ى پشكى كورد له‌ بودجه‌ى عێراق ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / ئابوری :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 4006‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: گۆڕانكارییه‌كانى ره‌شنووسى بودجه‌ى 2019 ئه‌رێنین بۆ هه‌رێمى كوردستان و ئەو گۆڕانکارییانە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدڕاڵەوە ئەنجامدراون، بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران و پاشخانى بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ گۆڕانکاریی لەم بڕگانە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەت سنووردارە.

ئامانج ڕه‌حیم، سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ باره‌ى زیادكردنى پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى 2019ى عێراق، له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگه‌یاندووه‌ :"لە وەرزی قەرەبووی فەرمانبەران (تعویظات الموظفین)، تەرخانکراوی ساڵانەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لە (٣ ترلیۆن و ٨٢٨ ملیار) دینار زیادکراوە بۆ (٥ ترلیۆن و ٤٤٨ ملیار ) دینار، واتە لە (٣١٧ ملیار دینار ) مانگانە زیادکراوە بۆ (٤٥٤ ملیار دینار) مانگانە واتە، بە جیاوازی ١٣٧ ملیار دینار مانگانە".

روونیشیكردۆته‌وه‌ :"دەستنیشانکردنی مووچەی پێشمەرگە لەسەر بنەمای تەرخانکراوی سوپای عێراقی نەک تەنھا لەسەر تەرخانکراوی (مووچە)ی سوپای عێراقی، به‌مه‌ش  خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و مووچەی پێشمەرگە به‌یه‌كه‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌، بە پابەندبوونی ھەردوو حکومەت بە ئیلتیزامیی نەوتی نێوانیان".

سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو :"له‌ ره‌شنووسى نوێى بودجه‌دا  زۆربەی ئەو دەستەواژانەی کە بە پێچەوانەی دەستوور ناوی ھەرێمی کوردستانیان بە پارێزگاکانی ھەرێم یان پارێزگاکانی باکوور ھێنابوو نه‌ماوه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌ :"ھێشتا ئەم بڕگانە پڕۆژەن و کەوتنەبواری جێبەجێکردنیان وابەستەیە بە پەسەندکردنیان لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ئەوەی جێی خۆشحاڵیە ئەم گۆڕانکارییانە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدڕاڵەوە ئەنجامدراون، و بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران و پێشینەی دادوەری بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ گۆڕانکاریی لەم بڕگانە بە بێ گەڕانەوە بۆ حکومەت سنووردارە، چونکە ئەو پرۆژە قانونە لە لایەن حکومەتەوە ڕەوانە کراوە".

ناوبراو، راشیگه‌یاندوه‌ :"لەم قۆناغەدا یەک دەنگی و یەکگرتوویی فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران گرنگە بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکان، بە تایبەتیش کە دەستوور و پڕۆژە قانونی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ دەرفەتی گەورەیان تیادایە".

پ:س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure