"مووچه‌ى ئه‌و كه‌مئه‌ندامانه‌ خه‌رجده‌كرێت كه‌له‌ خولى دووه‌مى پشكنینى پزیشكى ده‌رده‌چن"

هەواڵ / ئابوری :: 11/01/2019‌ :: 18508‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
به‌ڕێوه‌به‌رێكى گشتى رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و كه‌مئه‌ندامانه‌ى له‌ پشكنین ده‌رنه‌چوون، پشكنینان بۆ ئه‌نجامده‌درێته‌وه‌ و هه‌ر كه‌مئه‌ندامێك مه‌رجه‌كان گرتییه‌وه‌ موچه‌كه‌ى بۆ خه‌رج ده‌كرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و مووچه‌یه‌شى پێده‌درێته‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا راگیراوه‌. 
 

ده‌رون عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى چاودێرى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند :"له‌ گه‌رمیان هه‌زار و 98 كه‌مئه‌ندام له‌ پشكنینى پزیشكى ده‌رنه‌چوون و به‌هۆیه‌وه‌ مووچه‌كانیان راگیراوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تانه‌یان له‌ بڕیارى لیژنه‌كه‌ داوه‌ دیسانه‌وه‌ پشكنینان بۆ ئه‌نجامده‌درێته‌وه‌". 

وتیشى :"هه‌ر كه‌مئه‌ندامێك ده‌ركه‌وت مه‌رجه‌كانى كه‌مئه‌ندام بوونى تێدایه‌ و له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ په‌سه‌ندكرا ئه‌وا مووچه‌كه‌ى بۆ ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و مووچانه‌ش كه‌ له‌ چه‌ند مانگى رابروودا لێیان بڕاوه‌ دیسانه‌وه‌ بۆیان خه‌رج ده‌كرێته‌وه‌ هیچ مووچه‌یه‌كیان نافه‌وتێت". 

ئه‌وه‌ش خسته‌ڕوو :"له‌ چاوه‌ڕوانى وه‌زاره‌تن بۆ ئه‌وه‌ى لیژنه‌كان ره‌وانه‌بكات و ده‌ستبه‌كارببن بۆ پشكنینه‌وه‌ى ئه‌و كه‌مئه‌ندامانه‌ى كه‌ تانه‌یان له‌ بڕیاره‌كان داوه‌ و خۆیان به‌ كه‌مئه‌ندام ده‌زانن". 
پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure