حكومه‌تى هه‌رێم 150 زیندانى راده‌ستى ئێران ده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 361‌ جار بینراوە

تاگ :: ئێران

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌رپرسى دۆسیه‌ى ئێران له‌ حكومه‌تى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: حكومه‌تى هه‌رێم ره‌زامه‌ندیداوه‌ له‌سه‌ر راده‌ستكردنه‌وه‌ى 150 زیندانى ئێران كه‌ له‌ به‌ندیخانه‌كانى هه‌رێم حكومدراون، ده‌ڵێت: "زیندانیانى سیاسى راده‌ستى ئێران ناكرێته‌وه‌".


عه‌بدوڵا ئاكره‌یی، به‌رپرسى دۆسیه‌ى ئێران له‌ فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم ره‌زامه‌ندیداوه‌ له‌سه‌ر راده‌ستكردنه‌وه‌ى 150 زیندانى ئێران كه‌ له‌ به‌ندیخانه‌كانى هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كى یاسایى حكومدراون.

وتیشى: "ئه‌و كه‌سانه‌ى راده‌ستى ئێران ده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌ مادده‌ى هۆشبه‌ر ده‌ستیگركراون و له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندى خۆیان كه‌ پێیانباشه‌ له‌ زیندانه‌كانى ئێران حكومه‌كه‌یان ته‌واوبكه‌ن، راده‌ستده‌كرێنه‌وه‌و پڕۆسه‌كه‌ له‌م مانگه‌دا ئه‌نجامده‌درێت".

به‌رپرسى دۆسیه‌ى ئێران، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌ راده‌ستده‌كرێته‌وه‌ كه‌ مادده‌ى هۆشبه‌ریان به‌كارهێناوه‌و بازرگانیانیان پێوه‌كردووه‌، زیندانیانى سیاسى یاخود ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر سكاڵاى هاوڵاتیانى هه‌رێم ده‌ستیگركراون، راده‌ست ناكرێنه‌وه‌و ئه‌سڵه‌ن قسه‌ى له‌سه‌ر ناكه‌ین.

له‌باره‌ى وه‌رگرتنه‌وه‌ى زیندانیانى هه‌رێم له‌ به‌ندیخانه‌كانى ئێران، عه‌بدوڵا ئاكره‌یى وتى: "ناوى پێنج كه‌سمان به‌ ئێران داوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى راده‌ستمان بكرێنه‌وه‌و له‌سنوورى حاجى ئۆمه‌ران ئاڵوگۆڕه‌كه‌ ئه‌نجامده‌درێت".

به‌پێى رێككه‌وتنى نێوان هه‌ردوو حكومه‌تى ئێران و عێراق كه‌ هه‌رێمى كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌، هه‌ردوولا زیندانییه‌كانیان راده‌ستده‌كه‌نه‌وه‌و تائێستا چه‌ندجارێك زیندانیانى ئێران له‌هه‌رێم بۆ ئێران نێردراونه‌ته‌وه‌.

پێدچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure