په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی مردندایه‌

هەواڵ / کوردستان :: 11/01/2019‌ :: 9163‌ جار بینراوە

تاگ :: تورکیا

دواڕۆژ
پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) رایده‌گه‌یه‌نێت په‌رله‌مانتارێكیان له‌ زیندانه‌كانی توركیاندا زیاتر له‌ مانگێكه‌ مانی له‌ خواردن گرتووه‌و ئه‌وه‌ش باری ته‌ندروستی تێكداوه‌و له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی مردندایه‌.


ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ش له‌یلا گۆفینه‌ كه‌ له‌ مانگی كانونی دووه‌می 2018وه‌ ده‌ستگیركراوه‌، له‌ 8ی تشرینی دووه‌می 2018ه‌وه‌ مانی له‌ خواردن گرتووه‌، ئه‌وه‌ش وه‌كوو ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له‌ دژی خراپی بارودۆخی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سه‌ركرده‌ی مێژووی پارتی كرێكارانی كوردستان كه‌ له‌ ساڵی 1999وه‌ توركیا ده‌ستگیری كردووه‌و سزای زیندانی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه‌.

پارتی دیموكراتی گه‌لان (هەدەپە) له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: كه‌ ته‌ندروستی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌یان تادێت خراپتر ده‌بێت و ژیانی له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی مردندایه‌.

باس له‌وه‌شكراوه‌: له‌وكاته‌وه‌ی ده‌ستی به‌ مانگرتن كردووه‌، نزیكه‌ی 15 كیلۆ له‌ كێشی دابه‌زیوه‌، بۆیه‌ ناتوانێت بڕوات به‌ رێگادا و دۆخی ته‌ندروستی زۆر خراپه‌، چونكه‌ لێدانی دڵی و فشاری خوێنی زۆر دابه‌زیوه‌.

دواى ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ره‌خنه‌ی له‌ توركیا گرت به‌وه‌ی هێرشی سه‌ربازیی كردووه‌ته‌ سه‌ر عه‌فرین له‌ رۆژئاوای كوردستان، حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ له‌ مانگی كانونی دووه‌می 2018 ده‌ستگیری كرد.

و: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure