له‌ ساڵى 2017 له‌ هه‌ر 36 كۆچبه‌ر یه‌كێكیان گیانیله‌ده‌ستداوه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/01/2019‌ :: 149‌ جار بینراوە

تاگ :: پەنابەران

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى 
زانكۆى كوردستان له‌ میانى پێشكه‌شكردنى دیبه‌یتێكدا پڕۆژه‌ى هه‌ڵمه‌تی هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى راگه‌یاند: تایبه‌ته‌ به‌و كه‌سانه‌ى ده‌یانه‌وێت بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات كۆچبكه‌ن.


پڕۆژه‌ى كۆچبه‌ر ده‌زگایه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تیى نێوده‌وڵه‌تییه‌، كارده‌كات بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان له‌ باره‌ى مه‌ترسییه‌كانى كۆچكردن بۆ ئه‌وروپا، كه‌ زۆرێك له‌ كۆچبه‌ران پێیانوایه‌ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیان بۆ ئه‌وروپا مافى په‌نابه‌رێتیان پێده‌درێت و پشتیوانى دارایى و كارئاسانیى دیكه‌یان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانى ئه‌وروپاوه‌ بۆ ده‌كرێت و به‌ئاسانى ده‌رفه‌تى كار ده‌دۆزنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ راست نییه‌.

هه‌ڵمه‌تى پڕۆژه‌ى كۆچكردن ئامانجى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بۆشایی زانیارییانه‌ پڕبكاته‌وه‌ كه‌ هه‌یه‌ و وابكات كۆچبه‌ران بڕیارى دروست بده‌ن له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ ئایا كۆچكردن بۆ ئه‌وروپا بڕیارێكى دروسته‌ یان نا؟

به‌پێى ئامارى پڕۆژه‌كه‌ "له‌ ساڵى 2016-دا نزیكه‌ى 13 هه‌زار كه‌س له‌ ئه‌وروپاوه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ عێراق، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى نه‌یانتوانیوه‌ له‌ ئه‌وروپا بمێننه‌وه‌ كه‌ به‌هۆى نه‌بوونى زانیاریى دروست له‌ باره‌ى چانسى جێگیربوونیان له‌ ئه‌وروپا و راستی ژیان له‌و وڵاتانه‌ كه‌ به‌وهۆیه‌وه‌ پاره‌ و كاتێكى زۆریان له‌ ده‌ستداوه‌ و ژیانى خۆیان به‌هۆى ئه‌و كۆچه‌وه‌ خستووه‌ته‌ مه‌ترسى گه‌وره‌".

له‌ ساڵى 2014-وه‌ نزیكه‌ى 14 هه‌زار و 500 كۆچبه‌ر گیانی له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى هه‌وڵیانداوه‌ له‌ ده‌ریاى سپى ناوه‌ڕاست بپه‌ڕنه‌وه‌. له‌ ساڵى 2017-دا له‌ هه‌ر 36 په‌نابه‌ر یه‌ك په‌نابه‌ر گیانى له‌ده‌ستداوه‌ و زیاتر له‌ سێ هه‌زار كۆچبه‌ر ژێرئاو كه‌وتوون و خنكاون یان له‌ ئه‌نجامى دابه‌زینى پله‌ى گه‌رمى گیانیانله‌ده‌ستداوه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ رێگاى چوون بۆ ئه‌وروپا به‌ مه‌ترسیدارترین رێگه‌ دابندرێت بۆ كۆچبه‌ران.  تاكۆتایى ساڵى 2018 سێ سه‌د هاووڵاتى هه‌رێمى كوردستان له‌ رێگه‌ى چوونیان بۆ هه‌نده‌ران خنكاون و 20 كه‌سیش بێسه‌روشوێنن.

له‌ به‌شێكى ترى ئاماره‌كه‌دا ئه‌و مه‌ترسییانه‌ خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆسه‌ر گیانى ئه‌و كه‌سانه‌ى كۆچ ده‌كه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، له‌وانه‌ "مامه‌ڵه‌كردن و یاساكان له‌ باره‌ى كۆچى نایاسایى، هه‌لقۆستنه‌وه‌ى قاچاخچییه‌كان، ده‌ستگیر و زیندانیكردن، ده‌ریاى سپى ناوه‌ڕاست، مه‌ترسییه‌كانى وشكانى و ژیانێكى ناسه‌قامگیر.

له‌ قۆناغى یه‌كه‌مى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا له‌گه‌ڵ شه‌ش هه‌زار گه‌نج گفتوگۆكراوه‌ له‌ باره‌ى هۆكاره‌كانى رۆیشتنى گه‌نجان بۆ وڵاتانى ئه‌وروپا و چاره‌نووسى ئه‌وانه‌یش كه‌ گه‌یشتوون به‌ ئه‌وروپا. 

به‌پێى ئه‌نجامى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ هۆكاره‌كانى كۆچكردنى گه‌نجان بۆ چه‌ند خاڵێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ وه‌ك: نه‌بوونى هه‌لى كارى پێویست، خراپى بارى دارایى، تا ئاستێك نه‌بوونى ئازادیى راده‌بڕین.
 
پ: نا.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure