یەکێتی ئەو پۆستانە ئاشكرادەكات بۆ بەشداریكردن لە حكومەت بە مافی خۆی دەزانێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 472‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
راوێژكاری یاسایی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە یەكێتی بەهیچ شێوەیەك نابێتە ئۆپۆزسیۆن و دەیەوێت لەسەر بنەمای هاوبەشی سیاسی بەشداری لە حكومەت بكات، جەختیش دەكاتەوە "پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت بە مافی خۆمان دەزانین".

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی كانونی دووەمی 2019، سمكۆ ئەسعەد، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: یەكێتی لەسەر بنەمای هاوبەشی سیاسی تەئكید لە بەشداریكردنەوە دەكات نەك تەنها لە حكومەتی هەرێم، بەڵكو لە سەرجەم بوارەكاندا كە پەیوەندی هەیە بە ئێستا و چارەنووسی هەرێمی كوردستانەوە.


وتیشی: "ئەو هاوبەشیە سیاسییە پەیوەندی نیە بە ژمارەی كورسی، بەڵكو پەیوەندی هەیە بە پێگە و سەنگی یەكێتی، لێرەولەوێ‌ هەندێ‌ لێدوان دەدرێت لەبارەی ئەوەی یەكێتی كۆبوونەوەكان لە روانگەی ئەوەوە سەیر دەكات كە پێكهێنانی حكومەت 50 بە 50 بێت، بۆ ئەوەی دەسەڵات دابەش بكات، ئەوە هیچ بنەمایەكی نیە".


سمكۆ ئەسعەد، جەختیشی كردەوە: یەكێتی لەسەر بنەمای 50 بە 50 داوای لەكەس نەكردووە و ناشیكات، بەڵكو پێگە و سەنگ و واقعی سیاسی كوردستان داوای هاوبەشیكردن دەكات، لەپاڵ ئەو مەبدەئەدا یەكێتی داواكارە بنەماكانی حكومڕانی سیاسەتكردن لەدوای كۆتایهاتن بە دۆخێكی نەخوازراوی ئابوریی و شەری تیرۆر سیاسەتێكی نوێ‌ بۆ هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیان پەیرەوبكرێت.


باسی لەوەشكرد: ئەو بنەمایانە دەبێت رەنگبداتەوە لە سیاسەتی ئابوریی و پاراستنی سامان و ماڵی هاوڵاتیانی هەرێم، بنەمای هاوبەشی سیاسی دەبێت رەنگیشبداتەوە لە چۆنیەتی تێروانیمان بۆ دەسەڵاتی دادوەری، هەروەها لە پرسی كەركوك و بەغدا و لەناو هەمووشیاندا پرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم.

ئەوەشی خستەروو: دەبێت سیاسەتێكی نوێی دارایی كە پەیوەندی هەیە بە سەروەت و سامانی هاوڵاتیانەوە پەیرەوبكرێت و نەك تەنها یەكێتی و پارتی، بەڵكو لایەنەكانی تریش بەشداربن تێیدا و سیاسەتێك بێت لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێم بێت، بۆچوونی یەكێتی ئەوەیە كە ئەو گرێ‌ دەرونیەی پەیوەندی هەیە بە وەزارەتی داراییەوە لەسەرجەم كابینەكانی حكومەت كۆتایی بێت، ئەوەش بەوە دەكرێت كە هەندێ‌ وەزارەت تا ئێستا تەحەكومیان پێوەكراوە و وەزیرەكە سەر بەهەر لایەنێك بووە ئەو لایەنە خۆی بەرپرس كردووە لە قوتی خەڵك، یەكێتی دەیەوێت چارەسەرێك بۆ ئەمە بدۆزێتەوە.

راوێژكارە یاساییەكەمی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، هێمای بۆ ئەوەشكرد: دەبێت دەسەڵاتێكی نوێ‌ دابمەزرێت و بەیاسا رێكبخرێت ناوی دەسەڵاتی ناوەندی و دارایی بێت و دەبێت سەرجەم داهات و سامانی هەرێم ئاشكرا بێت لای ئەو دەسەڵاتە و بزانێت خەرجی و داهات چیە و لای كۆمەڵانی خەڵكیش ئاشكرا بێت، یەكێتی داوا لە پارتی و سەرجەم لایەنەكان دەكات دادگای باڵای هەرێم دابمەزرێت.

جەختیشی كردەوە: ئەم وتانەی من هەمووی پرۆژە و بۆچوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە و لە نزیكترین كاتدا گفتوگۆی پێدەكات لەگەڵ پارتی.

ئەو راوێژكارە، رونیشیكردەوە: یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت بە پشكی خۆی دەزانێت و دەشیەوێت رێككەوتن لەبارەی پرسەكانی بەغدا و كەركوك و هەرێمی كوردستان بەیەكەوە بكات لەگەڵ پارتی.

سمكۆ ئەسعەد، ئاشكراشیكرد: یەكێتی بەهیچ شێوەیەك نابێت بە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری لە كابینەی داهاتووی هەرێم دەكات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure