شوان كه‌مال: داموده‌زگاى هونه‌ریمان نییه‌ ئه‌گه‌رنا په‌یكه‌رسازى به‌ توانامان هه‌یه‌

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 95‌ جار بینراوە

چاوپێكه‌وتنى سامان قوبادى
له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا، شوان كه‌مال-ى په‌یكه‌رساز، كه‌ په‌یكه‌ره‌كانى له‌ كوردستان و چه‌ند وڵاتێكى ئه‌ورپا دانراون، باس له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانى خۆى و كێشه‌كانى به‌رده‌م هونه‌رى په‌یكه‌رسازیى له‌ كوردستان ده‌كات. 

دواڕۆژ: له‌م دوایه‌دا كۆمه‌ڵێك په‌یكه‌رى جیاواز له‌ چه‌ند شوێنێكى گشتى له‌ باشوورى كوردستان دانران، سه‌رنجت چییه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تى ئه‌و كارانه‌؟
شوان كه‌مال:
زۆرێك لە پەیکەرەکان هەڵەی تەکنیکیی تیابوو، دانەیەکیان شیاوی پەیکەر نەبوو ئەتوانرا وەك پۆستەرێکی سیاسی لەسەر مقەبا بە بۆیە دروستبکرایە، ئەوانی تریش جوانی و ستاتیکام تیا بەدینه‌رکردن. دامودەزگای هونەری نییە تایبەتبێت بە کار و پرۆژەی هونەرمەندان تا بتوانین کار بکەین، ئەگه‌رنا پەیکەرسازی بەتوانا و پڕ سەلیقەمان هەیە. گرفتى گەورەی  پەیکەرسازیی لە کوردستان نەبوونی کارگەى تایبەت بە دروستکردنی پەیکەر و داڕشتنی برۆنزە، ئەمە چارەسەر نەکرێت پەیکەری جوان و ئاستبەرز دروست نابێت.

دواڕۆژ: ده‌وترێت به‌شێك له‌و كارانه‌ كۆپیكراون و بیرۆكه‌كانیان له‌ هونه‌رمه‌نده‌ دیاره‌كانى ئه‌وروپاوه‌ وه‌رگیراوه‌، بۆچوونت چییه‌؟
 شوان كه‌مال
: لەوانەیە هەندێك پەیکەر دروستکرابن زۆر لە کاری هونەرمەندانی جیهانی بچن یان فکرەکەی وەرگیرابێت، ئەمەش تائاستێك واردە ئەگەر کۆپی لەسەداسەد نەبێت و ئاماژەی پێبکرێت، بەڵام لە کوردستان یاسا و رێسای تایبەتمان نییە بەم جۆرە کارانە، بۆیە هەمانشت دەکرێت.

دواڕۆژ: ئایا پڕۆژه‌ى نوێى په‌یكه‌رسازیت هه‌یه‌ له‌ داهاتوودا له‌ كوردستان به‌ ئه‌نجامى بگه‌یه‌نیت؟
شوان كه‌مال:
کۆمەڵێك پرۆژەی هونەری و پەیکەرم هەبوو لە کوردستان، بەڵام هیچی لەوەناچێت بگاتە ئەنجام لە سایەی ئەم حکومەت و دامودەزگایانە. پرۆژەی مۆنۆمینتی پێشمەرگەم هەبوو کاری زۆرم بۆکرد بەڵام وەستێنرا، دواتر رێکخراوێکی ئەڵمانی رایانسپاردم بۆ دروستکردنی مۆنۆمینت و پەیکەرێك بۆ ئەنفال لەناوچەی گەرمیان، بە بچووکی دروستمکردووە و لای رێکخراوەکەیە بەتەمای بودجه‌ین لە وەزارەتی كاروبارى شەهیدان و ئەنفالكراوانه‌وه‌. پەیکەرى عەدالەت-یشم هه‌یه‌ کە لەبەردەم دادگای هەولێر دانراوە. جگە لەلایەنی هونەری وەك دارشتنی برۆنز باشترینە لە عێراق. هه‌ر لە کوردستان ٦ پرۆژەی پەیکەرم هەیە، جگه‌له‌وه‌ پەیکەری مامۆستا شیرکۆ بێکەس و مۆنۆمینتەکەی پارکی ئازادی و فولکەی خانەقای سلێمانی و قوربانیانی چەکی کیمیاوی-م هەیە.

دواڕۆژ: ئه‌ى په‌یكه‌ره‌كانى ئه‌ورپات؟
شوان كه‌مال:
پەیکەرەکانم لە ئەڵمانیا و سوید و نەرویج دانراون لەسەر داواکاری و راسپاردەی شاره‌وانی و حکومەت و دامودەزگای کلتوریی، کارەکان زیاتر مێژوویین. نزیکی ١٢ پەیکەری گەورە بە قەبارەی٤ تا١٠مەترم هەیە لە مادەی برۆنز كه‌ دانراون. بۆ کارگەی داڕشتنی برۆنزی ئەڵمانیا و سوید زیاتر لە ٣٠٠ پەیکەر و پرۆژەی گەورەم دروستکردووه‌. له‌ سوید، کارگەیەکی کۆنی پەیکەرسازیی بانگیان کردم، چەند پرۆژە و پەیکەرێکم بۆ دروستکردن. دوا پرۆژەیشمان پەیکەری (کۆچبەر) بوو كە به‌ بەرزیی ٦ مەتر و لە مادەی برۆنز داڕێژراوە و کێشی نزیکه‌ی دوو تەن دەبێت و لە پارکی (فێلکەبێری) ئۆسلۆ-ی پایتەختی نەرویج دانراوە. لە ئەڵمانیا لەپاڵ ئیشی هونەری، بۆ بژێوی ژیان کۆمەڵێك پرۆژە و پەیکەری زۆرم دروستکردوە بۆ هونەرمەندە جیهانییەکان، له‌ زۆربەی گەلەری و مۆزەخانە جیهانیەکان نمایشکراون. 




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure