شاكارى ئه‌ده‌بى كوردى (7)

هەواڵ / که‌لتور :: 10/01/2019‌ :: 131‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
عه‌بدولڕه‌حمان به‌گى ساحێبقڕان/ سالم (1800-1866)


چاوه‌كه‌ت وه‌ختێ به‌ ئیما مه‌یلى جامى مه‌ى ده‌كا
هه‌رچى مه‌ى ده‌یكا له‌ تۆ، ئه‌و له‌گه‌ڵ ئێمه‌ى ده‌كا
نه‌ى له‌ ناڵینا چ گوستاخانه‌ بۆ ئه‌ربابى سه‌مع
به‌حسى ئه‌ییامى گوزه‌شته‌ى (كه‌یقوباد) و (كه‌ى) ده‌كا
تا سوپاهى خوسره‌وى عیشقت ئیحاطه‌ى جانى دا
بۆ شه‌ڕوشۆڕى موصیبه‌ت، دڵ له‌ موڵكى ره‌ى ده‌كا
كاروان ئه‌ر سستڕه‌و بێ، تا ده‌گاته‌ كۆیى له‌یل
شه‌وقى بێ پایانى دڵ ئوشتر به‌ مه‌جنون په‌ى ده‌كا
حاڵى عیشق و تایشى هیجرت نیشانى دا به‌ من
ئاگرى سۆزه‌نده‌ هه‌ر كارێ به‌ بێشه‌ى نه‌ى ده‌كا
تا به‌سه‌ر باغى دڵا بێ، باى خه‌زانى فیرقه‌تت
عاریزم بۆ سێوى روخسارت له‌ ره‌نگى به‌ى ده‌كا
جورعه‌نۆشى بۆ بكه‌م، ئیتر له‌ به‌زمى مه‌ى كه‌ده‌
چاوى مه‌خمورت به‌ عاشق كارى باده‌ى جه‌ى ده‌كا
وه‌ختى به‌خشش گه‌ر بنووسم داستانى هیمه‌تت
مه‌ردى دانا وه‌سفى جودى حاته‌مى ته‌ى، كه‌ى ده‌كا
ئابڵه‌ى ده‌ردا كه‌فى پێى تاقه‌تى هه‌نگامى جوهد
سالمى سه‌رگه‌شته‌ ئه‌ز به‌س رێى موسیبه‌ت ته‌ى ده‌كا



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure