كۆبوونه‌وه‌كانى پارتى و یه‌كێتى ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 10/01/2019‌ :: 1112‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
هه‌وڵه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌كانى پارتى و یه‌كێتیى ده‌ستیپێكردووه‌ و وابڕیاریشه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى هه‌فته‌ى داهاتوو مه‌كته‌بى سیاسى هه‌ردوولا بۆ تێپه‌راندنى ئه‌م قۆناغه‌ كۆببنه‌وه‌.


له‌ دواى كۆبوونه‌وه‌كانى 19ى كانونى یه‌كه‌مى رابردوو، تاوه‌كو ئێستا پارتى دیموكراتى كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى نيشتيمانى كوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆنه‌بووه‌ته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ وابڕیاربوو له‌م هه‌فته‌یه‌دا شاندى باڵاى پارتى و یه‌كێتیى كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام ناكۆكییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا كۆبوونه‌وه‌كه‌ى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، مه‌كته‌بى سیاسى هه‌ردوولا له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كى زاره‌كى رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بۆ تێپه‌راندنى ئه‌م قۆناغه‌ و به‌بنبه‌ست نه‌گه‌یشتنى كۆبوونه‌وه‌كان، له‌ ناوه‌ڕاستى هه‌فته‌ى داهاتوو كۆببنه‌وه‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى هه‌فته‌ى داهاتوو له‌ نێوان مه‌كته‌بى سیاسى هه‌ردوولا ده‌بێت و ئامانجى سه‌ره‌كیش له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ و قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌ت و نه‌هێشتنى ئه‌و بێمتمانه‌ییه‌ی له‌ نێوان هه‌ردوولا دروستبووه‌.

فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ لێدوانێكیدا به‌ میدیاى فه‌رمى حزبه‌كه‌ى راگه‌یاندووه‌: زۆر ئاساییه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌كان دواده‌خرێن، به‌ڵام ئێمه‌ ناهێڵین كۆبووه‌نه‌وكان بگه‌نه‌ بنبه‌ست، چونكه‌ راسته‌ بۆچوونی جیاواز هه‌یه‌، به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ و هه‌ردوولاش خه‌بات و قوربانیمانداوه‌و شه‌ری داعشمان كردووه‌ و به‌رپرسیاریه‌تی زۆرمان له‌ سه‌ره‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure