گۆڕانکاری لەفۆڕمی به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌ی هاووڵاتیاندا دەکرێت

هەواڵ / ئابوری :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 2053‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق پڕۆژه‌یه‌كی بۆ گۆڕینی كۆبۆنی خۆراكی مانگانه‌ی هاووڵاتیان بۆ سیستمی دیجیتاڵی پێشكه‌ش به‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق كردوه‌. 

به‌پێی پڕۆژه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ له‌ رێگه‌ی به‌رنامه‌ی خۆراكی جیهانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی بۆ گۆڕینی كۆبۆنی خۆراكی مانگانه‌ بۆ سیستمی دیجیتاڵی راگه‌یاندووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌می به‌ دیجیتاڵیكردنی كۆبۆنی خۆراك ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 1.3 ملیۆن كه‌س له‌ به‌غدا و دهۆك.

له‌ به‌شێكی دیکەی راگه‌یەنراوه‌كه‌ی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: كه‌ به‌رنامه‌ی خۆراكی جیهانی پاڵپشتی ته‌كنیكی پێشكه‌ش به‌ حكومه‌تی عیراق ده‌كات كه‌ به‌ نیازه‌ ته‌كنۆلۆجیای ده‌ستنیشانكردنی ناسنامه‌ و دانانی داتابه‌یسێكی دیجیتاڵی بۆ زانیارییه‌كانی هاووڵاتیان به‌كاربهێنێت به‌ مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی مامه‌ڵه‌كان و پێشكه‌كردنی باشترین خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتیان و به‌دیهێنانی زۆرترین راده‌ی سوودوه‌رگرتن له‌ سه‌رچاوه‌كانی حكومه‌ت.

راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ زیاتر روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌كانی حكومه‌ت به‌ باشترین شێوه‌ و به‌ده‌ستهێنانی به‌شه‌خۆراكی هاووڵاتیان به‌كارایی، له‌خۆده‌گرێت كه‌ تێیدا داتای هاووڵاتیان به‌كۆد ده‌پارێزرێت و كۆده‌كرێته‌وه‌ و پارێزراوی زانیارییه‌ كه‌سییه‌كان و ده‌تنیشانكردنی ناسنامه‌ له‌ڕێی به‌كارهێنانی په‌نجه‌مۆر یاخود گلێنه‌ی چاوه‌وه‌ ده‌بێت، ئه‌م كاره‌ش بوار بۆ حكومه‌ت ده‌ڕه‌خسێنێت كه‌ تۆماره‌ دووباره‌كان ده‌ستنیشان بكات و لایان ببات و له‌كاتی دابه‌شكردنی خۆراكیشدا رێوشوێنی دڵنیابوون له‌ ناسنامه‌ به‌ به‌كارهێنانی ته‌كنۆلۆجیای بایۆمه‌تری په‌یڕه‌وبكات، ئه‌م سیستمه‌ نوێیه‌ش شوێنی سیستمه‌كه‌ی ئێستا ده‌گرێته‌وه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ و تۆماركردن و پاراستنی داتاكاندا.

به‌پێی پرۆژه‌كه‌ به‌رنامه‌ی خۆراكی جیهانی، ئه‌پلیكه‌یشنێكی مۆبایل دیزاین ده‌كات به‌ناوی MYPDS كه‌ هاووڵاتیان ده‌توانن به‌كاریبهێنن بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌شه‌خۆراكه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ نوێكردنه‌وه‌ی زانیاریی خێزانه‌كانیان وه‌ك ( هاوسه‌رگیری یان له‌دایكبوون و مردن) ئه‌ویش له‌ڕێی مۆبایله‌وه‌.

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بازرگانی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌پێی ده‌ستووری عێراق له‌ سیستمی دابینكردنی به‌شه‌خۆراكی هاووڵاتیان هه‌ر به‌رنامه‌ و پڕۆژه‌یه‌كی تازه‌ گه‌ر له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقی یاخود هه‌ر لایه‌ن و وڵاتێكی تره‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ عێراقییه‌كان بكرێت هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌. 

به‌ڕیوه‌به‌ری گشتی بازرگانی هه‌رێم  وتیشی: "ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی گۆڕینی سیستمی كۆبۆنی خۆراك بۆ سیستمی دیجیتاڵی پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراقی كردووه‌ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌ و بیرۆكه‌یه‌كی زۆر گرنگه‌ كه‌ وا ده‌كات هه‌موو هاوڵاتیه‌كی عێراقی به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌ی به‌ باشی بۆ دابین بكرێت".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure