هۆشداری ده‌درێته‌ حیزبه‌كان

هەواڵ / کوردستان :: 11/01/2019‌ :: 382‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
وته‌بێژی كۆمسیۆنی هه‌رێم رایدگه‌یه‌نێت: به‌شێك له‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنی رابردووی په‌رله‌مانیان كرد تاوه‌كو ئێستا پۆسته‌رو رێكلامی هه‌ڵبژاردنیان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ماوه‌ته‌وه‌و گه‌ر به‌زووترین كات لاینه‌به‌ن سزا ده‌درێن. 


شێروان زرار، وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ر به‌خۆیی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: لیپێچینه‌وه‌ی كۆمسیۆن تونده‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ تاوه‌كو ئێستا پۆسته‌رو رێكلامی هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلولی 2018ی به‌شێك له‌و حیزبانه‌ له‌سه‌ر شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان ماوه‌ته‌وه‌و لێنه‌كراوه‌ته‌وه‌. 

وتیشی: "ئه‌و لایه‌نه‌نانه‌ی كه‌ پابه‌ند نه‌بوون به‌ رێنماییه‌كانی كۆمسیۆن كه‌ ده‌بوایه‌ پێشتر له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگ دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن پۆسته‌ره‌كانیان لێبكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ كۆمسیۆن له‌ رێگه‌ی شاره‌وانییه‌كانه‌وه‌ ته‌واوی پۆسته‌ری حیزبه‌كان لێده‌كاته‌وه‌و دواتر سزای یاسایی و دارایان ده‌دات. 

شێروان زرار ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو به‌ نوسراوی فه‌رمی حیزبه‌كان ئاگادارده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ پۆسته‌ره‌كانی بانگه‌شانه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌ لێنه‌كراوه‌ته‌وه‌ لێیبكه‌نه‌وه‌، گه‌رنا تووشی لێپێچینه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌و سزاده‌درێن. 

زیاتر له‌ 100 رۆژه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام به‌شێك له‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان كرد تاوه‌كو ئێستا پۆسته‌رو لافیته‌كانیان له‌ شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان لێنه‌كردووه‌ته‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure