به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى دیكه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژی ژنان ده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 10/01/2019‌ :: 292‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێم به‌ فه‌رمانێك كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ژنانى هه‌ڵه‌بجه‌ی راگه‌یاند، ئه‌وه‌ش شه‌شه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى له‌و جۆره‌یه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێته‌وه‌.


كاوه‌ عه‌لى، جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10ى كانونى دووه‌مى 2019 به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: به‌ فه‌رمانێكى وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ژنان له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى له‌و شێوه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ له‌ سنوره‌كه‌دا ده‌كرێته‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: به‌ گوێره‌ى ئه‌و فه‌رمانه‌ى له‌لایه‌ن وه‌زیرى ناوخۆوه‌ ده‌ركراوه‌، (رائید بورهان ئه‌حمه‌د) لێپرسراوى نوسینگه‌ى سه‌یدسادقى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ژنان ده‌بێته‌ به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تييه‌كه.

جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌ چه‌ند رۆژه‌ى داهاتوودا ده‌ستده‌كه‌ین به‌ دابینكردنى بینا و ستافى پێویست و دابینكردنى پێداویستییه‌كانى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ رائید بورهان ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ژنان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: كردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم ده‌بێته‌ شه‌شه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كه‌ له‌ئێستادا له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ شاره‌كانى (هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆك، ئیداره‌كانى گه‌رمیان و راپه‌رین) بونیان هه‌یه‌ و راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژین.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: پێشتر ته‌نیا نوسینگه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى له‌ قه‌زاى سه‌یدسادق هه‌بوو، سه‌رجه‌م دۆسییه‌كانى تایبه‌ت به‌ توندوتیژى دژ به‌ ژنان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و سه‌یدسادق و شاره‌زوور و پێنجوێن ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و نوسینگه‌یه‌، به‌ڵام له‌مه‌ودوا هه‌ر دۆسیه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ توندوتیژى دژ به‌ ژنان تۆماربكرێت له‌ سنورى پارێزگاكه ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌روه‌ها له‌ داهاتووشدا نوسینگه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ توندوتیژى دژ به‌ ژنان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئێمه‌ ده‌بێت.

به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ژنان وتيشى: بیناكه‌مان له‌ شارى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێت و له‌مڕۆوه‌ هه‌وڵه‌كانمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ دابینكردنى ستاف و پێداويستى تایبه‌ت به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure