له‌ماوه‌ی 9 رۆژدا 9 كۆڵبه‌ر بوونه‌ته‌ قوربانی

هەواڵ / کوردستان :: 10/01/2019‌ :: 281‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
له‌ماوه‌ی نۆ رۆژی رابردووی مانگی كانونی دووه‌می ئه‌مساڵدا 9 كۆڵبه‌ر له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی نێوان رۆژهه‌ڵات و باشوری كوردستان بوونه‌ته‌ قوربانی، به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ش بێت رۆژانه‌ كۆڵبه‌رێك ده‌بێته‌ قوربانی. 

عه‌دنان ره‌شیدی، ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی ئێران ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10ی كانونی دووه‌می 2019 به‌ دواڕۆژی وت: ''له‌ نۆ رۆژی رابردوودی ئه‌مساڵدا له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی نێوان باشور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌كاتی كاری ئاسایی خۆیاندا 9 كۆڵبه‌ر بوونه‌ته‌ قوربانی و له‌ نێویاندا 3 كۆڵبه‌ریان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 6 كۆڵبه‌ریشیان بریندار و كه‌مئه‌ندام بوون كه‌ دوایەمینیان كه‌مئه‌ندامبونی كۆڵبه‌رێكی شاری بانه‌یه‌ كه‌ ئێواره‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ به‌ ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران قاچێكی له‌ده‌ستداوه‌". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئه‌و كۆڵبه‌رانه‌ی ئه‌مساڵ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ یه‌كێکیان به‌هۆی ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران، یه‌كێکی دیکەشیان به‌هۆی هه‌ڵدێران له‌ شاخ و ئه‌وه‌ی دیکەشیان به‌هۆی ره‌قبونه‌وه‌ی له‌ سه‌رما، گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. 

له‌باره‌ی ئه‌و كۆڵبه‌رانه‌ش كه‌ برینداربوون ره‌شیدی وتی: "كۆڵبه‌ره‌ برینداره‌كانیش به‌هۆی ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و پێدا ته‌قینه‌وه‌ی مین و هه‌ڵدێران له‌شاخه‌وه‌ بریندار و كه‌مئه‌ندام بوون". 

باسی له‌وه‌شكرد: سه‌رجه‌م ئه‌و كۆڵبه‌رانه‌ی له‌ماوه‌ی ئه‌و نۆ رۆژه‌دا بوونه‌ته‌ قوربانی، خه‌ڵكی شاره‌ جیاجیاكانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوون. 

پ: چ. ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure