بەرپرسێکی باڵای ئێران گه‌یشته‌ عێراق

هەواڵ / عێراق :: 10/01/2019‌ :: 219‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10ی كانوونی دووه‌می 2019 به‌ مه‌به‌ستی دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا و هاوتا عێراقییه‌كه‌ی وه‌زیری نه‌وتی كۆماری ئیسلامی ئێران گه‌یشته‌ به‌غدا و لەلایەن سامر ئەلغەزبان، وەزیری نەوتەوە پێشوازی لێکرا.

لەسەردانەکەیدا وەزیرەکەی ئێران لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.

به‌ گوێره‌ى راپۆرتی سایتی ئیقتیسادنیوزی ئێرانی، بیژه‌ن زه‌نگه‌نه‌، وه‌زیری نه‌وتی ئێران، له‌ گه‌شته‌كه‌یدا بۆ عێراق جگه‌ له‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر داهاتووی نه‌وت و ڕۆڵی ئێران و عێراق له‌ بازاڕی جیهانی ئۆپیك به‌دواداچوون بۆ چه‌ند بابه‌تێکی گرنگی دیكه‌ ده‌كات.

یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت، راكێشانی بۆری نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئێران و وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌یه‌.

هه‌روه‌ها له‌م گه‌شته‌دا بڕیاره‌ بابه‌تی بردنی نه‌وتی به‌سره‌ بۆ پاڵاوگه‌ی نه‌وتی ئابادان له‌ ئێران و هه‌روه‌ها به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ ئابادانەوە بۆ به‌سره‌ تاوتوێ بكرێت.

یه‌كێكی دیكه‌ له‌و بابه‌تانه‌، هه‌نارده‌ی گازی ئێران بۆ عێراقه‌ كه‌ چه‌ندینجار رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌، به‌ڵام تائێستا به‌هۆی كێشه‌ ئابورییه‌كان گازی ئێران نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ عێراق.

بڕیاره‌ له‌ گه‌شته‌كه‌ی ئه‌و وه‌زیره‌دا تاوتوێی دامه‌زراندنی سایتی راهێنان و فێركاری كوژاندنه‌وه‌ی ئاگر له‌ بواری نه‌وت و گاز بکرێت كه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌ شاره‌زاكانی "HSE" ئێرانییه‌وه‌ دەبێت.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure