ئازاد ره‌سوڵ: له‌ ئازارى داهاتوو ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنى شه‌قامى 100 مه‌ترى سلێمانى ده‌كرێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 10/01/2019‌ :: 1332‌ جار بینراوە
ئازاد ره‌سوڵ

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، سامان قوبادى
ئازاد ره‌سوڵ به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى شه‌قامى 100 مه‌ترى سلێمانى له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا باس له‌وه‌ده‌كات له‌ مانگى 3ى ئه‌مساڵدا ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنى به‌شى یه‌كه‌مى شه‌قامه‌كه‌ ده‌كرێت و ده‌شڵێت: "نزیكه‌ى 1000 هه‌لى كار ده‌سته‌به‌ر ده‌كات".
 
دواڕۆژ: ده‌مه‌وێت باس له‌ نه‌خشه‌ى شه‌قامى 100 مه‌ترى سلێمانی بكه‌یت، له‌ كوێوه‌ بۆ كوێ ده‌ستپێده‌كات؟
ئازاد ره‌سوڵ: 
شه‌قامى 100 مه‌ترى دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر چوار زۆندا، یه‌كه‌م پێى ده‌وترێت رۆدى C له‌ تاسلوجه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته‌ ژاڵه‌ له‌گه‌ڵ شه‌قامى سلێمانى عه‌ربه‌ت یه‌كده‌گرێت، رۆدى D له‌ كه‌ڵه‌وانانه‌وه‌ تا تونێلى پێشڕه‌و له‌سه‌رووى سلێمانى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ شاخاوییه‌كى زۆرى تێده‌كه‌وێت تا ناوچه‌ى قوله‌ره‌یسى سه‌د مه‌ترییه‌، دواتر ده‌بێت به‌ 60 مه‌ترى و  پاشان به‌ 40 مه‌ترى، چونكه‌ به‌كارهێنانه‌كه‌ى كه‌مده‌بێته‌وه‌ هه‌روه‌ها به‌هۆى سه‌ختى ئه‌و ناوچانه‌وه‌ رێگا سه‌ربه‌سته‌كان كه‌ شه‌قامه‌كه‌ى باكور و باشورى سلێمانییه‌ له‌گه‌ڵ تاسلوجه‌ و شه‌قامى مه‌لیك مه‌حمود به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ئێستادا رۆدى C دراوه‌ته‌ به‌ڵێنده‌ران و تێیدا ده‌ست به‌كاركردن كراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ له‌ ساڵى 2015وه‌ كاركردن تێیدا راگیرا، له‌ئێستادا گۆڕانكاریمان له‌ دیزانین و نه‌خشه‌ى شه‌قامه‌كه‌شدا كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى تێچووكه‌ى كه‌مبكه‌ینه‌وه‌ و بودجه‌ى بۆ دابینبكرێت.

دواڕۆژ: كه‌ى ده‌ست به‌كاركردن ده‌كرێته‌وه‌ و چه‌ند هه‌لى كار دابینده‌كات؟
ئازاد ره‌سوڵ:
له‌ مانگى 3ى ئه‌مساڵدا له‌ به‌شى یه‌كه‌مى پڕۆژه‌كه‌ كه‌ له‌ تاسلوجه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات بۆ رێگه‌ى عه‌ربه‌ت تێیدا ده‌ست به‌كاركردن ده‌كرێت، ته‌واوى پڕۆژه‌كه‌ نزیكه‌ى 1000 هه‌لى كار بۆ هاووڵاتییان ده‌ڕه‌خسێنێت.

دواڕۆژ: بۆچى شه‌قامى 100 مه‌ترى ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ راگیراوه‌، له‌كاتێك له‌ هه‌ولێر 100مه‌ترى و 120 مه‌ترى جێبه‌جێكراوه‌؟
ئازاد ره‌سوڵ:
به‌هۆى قه‌یرانى دارایى و نه‌بوونى بوودجه‌وه‌ 100 مه‌ترى سلێمانى راگیراوه‌.

دواڕۆژ: وه‌زاره‌تى پلاندانان بڕیاریدا به‌ ته‌رخانكردنى بڕى 90 ملیار دینار بۆ پڕۆژه‌كه‌، ئایا  ته‌نیا بۆ به‌شى یه‌كه‌مى شه‌قامه‌كه‌یه‌؟ 
ئازاد ره‌سوڵ:
ده‌زگاكانى راگه‌یاندن به‌ هه‌ڵه‌ له‌مه‌ تێگه‌یشتوون، ته‌نها ئه‌و به‌شه‌ى ئیحاڵه‌ كراوه‌ بۆ به‌ڵێنده‌ران تێچووه‌كه‌ى 469 ملیار و 900 ملیۆن دیناره‌ كه‌ رۆدى Cیه‌ واتا به‌شى یه‌كه‌مه‌، ئه‌و 90 ملیار دیناره‌ ته‌نیا دیاریكراوه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى پلاندانان، هێشتا بۆمان ته‌رخاننه‌كراوه‌، ته‌نیا له‌ پلاندایه‌ و بڕیارى له‌سه‌ر دراوه‌.

دواڕۆژ: درێژى شه‌قامه‌كه‌ چه‌ند كیلۆمه‌تره‌و به‌چه‌ند ساڵى تر سه‌رجه‌مى ته‌واوده‌كرێت؟ 
ئازاد ره‌سوڵ:
درێژى سه‌رجه‌مى شه‌قامه‌كه‌ 146 كیلۆمه‌تره‌، قۆناغى یه‌كه‌م ماوه‌ى ته‌واوكردنى سێ ساڵه‌، به‌شه‌كانى تر جگه‌ له‌ دیزاین، ده‌رخسته‌ و تێچوو و كاته‌كه‌ى دیارینه‌كراوه‌، به‌شى یه‌كه‌م 32 كم كه‌ له‌ تاسلوجه‌وه‌ ده‌ڕوات بۆ ژاڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌شه‌كانى تر، به‌هۆى سه‌ختبوونییه‌وه‌ كات و تێچووى زۆرى ده‌وێت،  له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌رى شه‌قامه‌كه‌ 50 به‌ 50 مه‌ترمان بۆ سه‌وزایى داناوه‌.

دواڕۆژ: كێ پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كات و چه‌ند پرد و تونێل و نه‌فه‌قى تێدا دروستده‌كرێت؟
ئازاد ره‌سوڵ:
به‌شى رۆدى C كه‌ ئیحاله‌ بووه‌، سێ كۆمپانیاى توركى جێبه‌جێى ده‌كه‌ن، ته‌نها له‌م به‌شه‌دا حه‌وت ئینته‌ر چه‌ینجى تێدایه‌، له‌گه‌ڵ سێ پرد و 64 ئاوباره‌، چه‌ند تونێلێك و پێنج پردى تێدایه‌ بۆ گونده‌كان، به‌مه‌به‌ستى هاتووچۆكردنی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییان و ئاژه‌ڵه‌كانیان.

دواڕۆژ: كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى موڵكدارى هه‌بوو ئایا چاره‌سه‌ركراوه‌؟، چۆن قه‌ره‌بووى خاوه‌ن موڵكه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌؟
ئازاد ره‌سوڵ:
لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تمان هه‌یه‌ به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كشتوكاڵى سلێمانى و تیمێكى روپێوى، كێشه‌ى ئه‌و موڵكانه‌مان چاره‌سه‌ر كردووه‌، دواى ئه‌وه‌ى كاره‌كه‌مان وه‌ستا به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌، له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ زیاده‌ڕه‌وى كراوه‌ته‌سه‌ر رێڕه‌وه‌كان، به‌ڵام پێیان لاده‌برێت، هاوكات لیستى خۆمان ئاماده‌كردووه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى موڵكه‌كانیان به‌رده‌كه‌وێت به‌پێى یاسا.

دواڕۆژ: به‌چى شێوه‌یه‌ك به‌شى سه‌ره‌وه‌ى شه‌قامى 100 مه‌ترى كه‌ ده‌كه‌وێت نزیك چیاى گۆیژه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت؟
ئازاد ره‌سوڵ:
سێ هه‌ڵبژارده‌مان داناوه‌، له‌ پشتى چاڤیلانده‌وه‌ نه‌فه‌ق دروست بكرێت، یاخود بچێته‌ دۆڵه‌ میران له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌قامه‌ى ده‌چێته‌وه‌ بۆ تونێله‌كه‌ پاشان له‌گه‌ڵ شه‌قامى ده‌باشان یه‌كده‌بڕێت ده‌چێته‌وه‌ بۆ تونێلى پێشتره‌و، یان  بچێته‌ سیته‌ك و بێته‌وه‌ بۆ دۆڵه‌ میران، له‌و نێوه‌نده‌دا تونێلى تێده‌كه‌وێت.

دواڕۆژ: شه‌قامى 100 مه‌ترى چ گۆڕانكارییه‌ك ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ هاتووچۆدا؟
ئازاد ره‌سوڵ:
سلێمانى یه‌ك ده‌روازه‌ى هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ته‌واوى شه‌قامى 100 مه‌ترى جێبه‌جێ بكرێت ده‌بێت به‌ سێ ده‌روازه‌، به‌شى یه‌كه‌م ده‌یخه‌ینه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ له‌ هه‌موویان گرنگتره‌، چونكه‌ زۆر پێویسته‌، ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى له‌رێگه‌ى تاسلوجه‌وه‌ دێنه‌ ناو شاره‌وه‌، كێشه‌ى گه‌وره‌ى هاتووچۆ دروستده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت بۆ شه‌ست مه‌ترى، به‌ته‌واوبوونى ئه‌م به‌شه‌ ئه‌وانه‌ى له‌ كه‌ركوك یان له‌ رێگه‌ى عه‌ربه‌ته‌وه‌ دێن ده‌توانن نه‌یه‌نه‌ ناو شاره‌وه‌، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ شاده‌مارى سه‌ره‌كى سلێمانییه‌ و گرنگى زۆرى هه‌یه‌ بۆ هاتووچۆى هاووڵاتیانى ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى سێمانى.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure