له‌باره‌ى ئالوده‌بوونى خوێندكاران بەماددەی هۆشبەر هۆشدارى ده‌درێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/01/2019‌ :: 443‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د عه‌لى
رۆژنامه‌ى (القضاء)ى سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى عێراق، له‌ دوايین ژماره‌ى خۆيدا  له‌باره‌ى به‌ ئامانجكردنى قوتابخانه‌ و زانكۆكان له‌لايه‌ن بازرگانانى ماده‌ى هۆشبه‌ره‌وه‌ هۆشدارى ده‌دات. 


ئه‌وه‌شى ئاشكراكردووه‌: ته‌نیا له‌ماوه‌ى يه‌ك ساڵى رابردوودا، زياتر له‌ 500 كه‌س به‌ تۆمه‌تى بره‌ودان و بازرگانیكردن به‌ ماده‌ى هۆشبه‌ره‌وه‌ ده‌ستگيركراون، ناوچه‌ى هۆڕه‌كانيشى به‌ گوزه‌رگه‌ى هاتنه‌ناوه‌وه‌ى حه‌شيش ناساندووه‌.

رۆژنامه‌كه‌ له‌ زارى دادوه‌رانى به‌گژداچوونه‌وه‌ى ماده‌ى هۆشبه‌ره‌وه‌ رايگه‌ياندووه: ساڵى 2018 له‌ پارێزگاى به‌غداى پايته‌ختى عێراق، 535 تۆمه‌تبارى بره‌ودان و بازرگانیكردنى ماده‌ى هۆشبه‌ر ده‌ستگيركراون، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى 100 فه‌رمانى ده‌ستگيركردنى دیکەى هه‌يه‌، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى ئالوده‌ن ياخود بره‌وده‌رن يان بازرگانن.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدايه‌ هۆشدارى توند ده‌درێت له‌باره‌ى زيادبوونى ئه‌و ژماره‌یە، هەروەها ئه‌وانه‌ى كه‌ ئالوده‌ش ده‌بن به‌ماوه‌يەكى كه‌م ده‌بنه‌ بازرگان ياخود بره‌وپێده‌رى ماده‌كه‌، چونكه‌ قازانجێكى زۆر ده‌كات، له‌م سه‌رده‌مى بێكارى و نه‌دارييه‌دا.

يه‌كێك له‌و دادوه‌رانه‌ به‌ رۆژنامه‌كه‌ى راگه‌ياندووه‌: حاڵه‌تى به‌كارهێنان و بره‌وپێدانى ماده‌ى هۆشبه‌ر گه‌يشتۆته‌ يه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كانى به‌غدا و زانكۆ ئه‌هلييه‌كان، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌ قاوه‌خانه‌كاندا بره‌وی پێده‌درێت.

عه‌قيل نازم، دادوه‌رى تايبه‌تمه‌ندى لێكۆڵينه‌وه‌ى ماده‌ى هۆشبه‌ر به‌ رۆژنامه‌كه‌ى راگه‌ياندوه‌: له‌ماوه‌ى ساڵى 2018دا 306 کەس له‌ بازرگان و به‌كاربه‌رى ماده‌ى هۆشبه‌ر ده‌ستگيركراون، له‌وانه‌ 216 كه‌سيان بازرگان بوون، 90 كه‌سيشیان به‌كاربه‌ربوون، زۆرينه‌شيان هه‌واڵه‌ى دادگاى تايبه‌تمه‌ندكراون و حوكمى ياساييان له‌سه‌ر ده‌ركراوه‌.

ئه‌و دادوه‌ره‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌: ئه‌وانه‌ى كه‌ ئالوده‌ش ده‌بن، به‌ماوه‌يەكى كه‌م ده‌بنه‌ بازرگان ياخود بره‌وپێده‌رى مادده‌كه‌، چونكه‌ قازانجێكى زۆر ده‌كات، له‌م سه‌رده‌مى بێكارى و نه‌دارييه‌دا، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ى خۆيشيان ئه‌و ماده‌یەيان لێنه‌بڕێت و به‌ ئاسانى ده‌ستيان بكه‌وێت، چونكه‌ به‌ته‌واوى ئالوده‌بوون.

سه‌باره‌ت به‌ جۆره‌ بڵاوه‌كانى ماده‌ى هۆشبه‌ر ئه‌و دادوه‌ره‌ تايبه‌تمه‌نده‌ى ماده‌ى هۆشبه‌ر روونیكردۆته‌وه‌: ژماره‌يه‌كى زۆر له‌ جۆره‌كانى ماده‌ى هۆشبه‌رمان تۆماركردوه‌، به‌ڵام كريستاڵ به‌ پله‌ى يه‌كه‌م دێت له‌ بازرگانیكردنى ماده‌ى هۆشبه‌ردا، دواى ئه‌ويش حه‌بێكه‌ به‌ناوى (صفر -1) پاش ئه‌ويش ماده‌ى حه‌شيشه‌ دێت، سه‌ره‌ڕاى جۆره‌كانى ترى.

عه‌قيل نازم ئاشكراشيكردووه‌: ئه‌و بازرگانييه‌ له‌لايه‌ن تۆڕى بازرگانه‌كانه‌وه‌ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ده‌برێت كه‌ رێكخستنێكى تۆكمه‌ن، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هه‌ندێكيان ده‌ستگيركراون و ئه‌سته‌مه‌ پێيانبگه‌يت، چونكه‌ زۆر هه‌ستيارن له‌ مامه‌ڵه‌ و كڕين و فرۆشتندا، مه‌گه‌ر كه‌سێكى متمانه‌پێكراوی خۆيان بێت، په‌يوه‌نديش له‌ نێوان به‌غدا و پارێزگاكانى باشوردا هه‌يه‌.

ئه‌و دادوه‌ره‌ باسى له‌وه‌شكردووه‌: ماده‌ى هۆشبه‌ر له‌ هه‌ندێك وڵاته‌وه‌ دێته‌ عێراق، وه‌ك ئێران و لوبنان و هه‌ندێك وڵاتى كه‌نداو، زۆنگاوه‌كانى باشورى عێراقيش بوونه‌ته‌ گوزه‌رگاى گواستنه‌وه‌ى ماده‌ى هۆشبه‌ر، ئه‌و مادانه‌ش به‌ گوێنى برنج و ئارد ده‌هێنرێنه‌ عێراق، هه‌ندێك بازرگانيش بۆ گواستنه‌وه‌ى ماده‌كانيان له‌ نێوان پارێزگاكاندا ئافره‌ت به‌كارده‌هێنن، چونكه‌ كه‌متر ده‌پشكنێرێن، ياخود كه‌سانى سه‌ربه‌ ده‌زگا ئه‌منييه‌كان به‌كارده‌هێنن، چونكه‌ ناسنامه‌ى ئه‌منييان پێيه‌، له‌ بازگه‌كاندا پشكنينيان بۆ ناكرێت.

به‌پێى وتەی ئه‌و دادوه‌رى لێكۆڵينه‌وه‌یە: هه‌ندێك لەقاوه‌خانه‌كان له‌ڕێگه‌ى نێرگەله‌ و شيشه‌ و توتنى كێشانه‌وه‌ خه‌ڵك ئالوده‌ ده‌كه‌ن، ياخود له‌ رێگه‌ى يانه‌كانى شه‌وان و كچانه‌وه‌ به‌ بيانووى به‌هێزكردنى تواناى سێكسى نێچیره‌كانيان ئالوده‌ ده‌كه‌ن.

هاوكات سه‌عد تاهير، دادوه‌رى تايبه‌تمه‌ندى پرسه‌كانى هۆشبه‌ر له‌بەشى كه‌رخى به‌غدا، به‌ رۆژنامه‌كه‌ى راگه‌ياندوه‌: دادگاى كه‌رخ ده‌ستگيركردنى 220 تۆمه‌تبارى به‌ مادده‌ى هۆشبه‌ر تۆماركردوه‌ ته‌نها له‌ماوه‌ى ساڵى رابردوودا، زۆرينه‌يان ره‌وانه‌ى دادگاى تايبه‌تمه‌ندكراون.

ئه‌وه‌شى ئاشكراكردوه‌: هه‌ندێك له‌ گروپه‌ مافياييه‌كان بڕى 4 كيلۆگرام ماده‌ى هۆشبه‌ر و نيو كيلۆ مادده‌ى كريستاڵيان پێگيراوه، هه‌روه‌ك يه‌كێك له‌و تۆڕانه‌ى له‌ به‌غدا ده‌ستگيركراون، له‌لايه‌ن كچێكه‌وه‌ سه‌رۆكايه‌تى ده‌كرا، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدايه‌ زۆربه‌ى بره‌وپێدانه‌كان له‌ڕێگه‌ى مێينه‌وه‌ ده‌كرێت.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure