حه‌مه‌ ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قه‌زازه‌كان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/01/2019‌ :: 5750‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
ئەو بە جلێكی سەوز لە سوچێكی نهۆمی چوارەمی نەخۆشخانە لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە وەستابوو، زوو زووش دەیوت "كەی بڕۆینەوە بۆ قەزازەكان" كە مەبەستی بازاڕی قەزازی كارەبایی بوو، ئەو (حەمە)یە كە یەكێكە لە كەسە ناسراوەكانی سلێمانی، بەڵام باری دەرونی ناجێگیرە.


حەمە كێیە؟
محەمەد مستەفا، تەمەنی 50 ساڵی تەواوە، لەزگماكییەوە باری دەرونی باش نییە بە (حەمە) بەناوبانگە و لەزۆر شوێن و بازاڕی سلێمانی بە قسە خۆشەكانی ناسراوە، حەمە پێشتر برایەكی دیكەی هەبوو بەناوی (بەكر) كە ئەویش بەهەمانشێوە باری دەروونی باش نەبوو و لەساڵی 1996 بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانی لەدەستدا.  

چۆن زانرا نەخۆشە؟
حەمە لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی بوونی ئازار لە جەستەیدا براوەتە نەخۆشخانەی شار و لەوێ نەشتەرگەری بۆ كراوە، ئێستاش هەر لەو نەخۆشخانەیە چارەسەر وەردەگرێت، بەڵام باری تەندروستی باشە و بڕیارە پاش چەند رۆژێكی دیكە نەخۆشخانە جێبهێڵێت.

سەرهەنگ عەبدوڵا، گەنجێكی بازاڕی قەزازی كارەباییە و ساڵ و نیوێكە حەمەی ناسیوە، ئەو دەڵێت: "رۆژانە خزمەتی دەكەین و لە هەفتەیەكدا رۆژێك ریشی دەتاشین، لەم ماوەیەی رابردوودا كاتێك گۆڕیمان هەستمانكرد نەخۆشی هەیە و بردمان بۆ نەخۆشخانە، نەشتەرگەری بۆ كراوە و ئێستاش بەردەوام چاودێری دەكەین".

هەروەها فایەق حەمەساڵح، فۆتۆگرافەرێكی ناسراوی شاری سلێمانییە بەهەمانشێوە لە بازاڕی قەزازی كارەبایی دوكانی هەیە، بەڵام لەساڵانی هەشتاكانەوە ئاشنایەتی لەگەڵ حەمە هەیە.

فایەق بە دواڕۆژی راگەیاند: لەم ماوەیەی رابردوودا حەمە لاواز بوو و ئازاریشی هەبوو، بۆمان دەركەوت نەخۆشی فتقى هەیە، بۆیە لە نەخۆشخانەی شار نەشتەرگەری بۆ كراوە.

لەبارەی نەشتەرگەرییەکەوە، ئومێد حەمەعەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار بەدواڕۆژی وت: "باری تەندروستی حەمە زۆر باشە، بەڵام لەبەرئەوەی لەدەرەوەی نەخۆشخانە شوێنێكی زۆر باش نییە تێیدا بمێنێتەوە، بۆیە پێمان باشە تا باری تەندروستی باشتر دەبێت لە نەخۆشخانە بێت، جگە لەو نەخۆشییەش، هیچ كێشەیەكی تەندروستی نییە".

بیری كوێ دەكات؟
بەو پێیەی حەمە زۆر هۆگری بازاڕی قەزازی كارەبایی و ناوچەی سەهۆڵەكەی سلێمانی بووە، بۆیە لە نەخۆشخانەش بەردەوام چەند وشەیەك دەڵێتەوە "كەی بڕۆین بۆ بازاڕی قەزاز و سەهۆڵەكە بیریان دەكەم". 

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ حەمە، له سلێمانی گرنگی زۆری پێدرا و هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی سەردانی كرد، رۆژانە و شەوانەش خەڵكانی دیكە سەردانی دەكەن.

فایەق حەمەساڵح دەڵێت: "یەكێك لە سیفاتە جوانەكانی سلێمانی ئەوەیە هاوڵاتیبوون پەیوەندی بە عەقڵەوە نییە، ئەو كەسانەی باری دەرونییان باش نییە توانیویانە عاقڵەكان پێكەوە ببەستنەوە، تەنانەت زۆرێك لە دوكانەكان وێنەی (شەباب و سامان و بەكر) كە باری دەروونیان باش نەبوو هەڵواسیوە".

"شار" كەسێكی بێلانەی پاراستووە
زۆركات هاووڵاتیان نەخۆشخانەكان تۆمەتبار دەكەن بەوەی خزمەتی هاوڵاتیان ناكەن، بەڵام فایەق دەستخۆشی زۆری لە بەڕێوەبەر و ستافی نەخۆشخانەی شار كرد كە توانیان خزمەتێكی بەرچاوی حەمە بكەن.

د.ئومێدیش دەڵێت: "رەنگە حەمە چانسی هەبێت كە كۆمەڵێك هاوڕێی باشی هەیە، لەو رووەوە نمونەیەكی دیكەی باسكرد و وتی: "ماوەی سێ مانگە پیاوێكی بەتەمەنمان لایە كە نەخۆشە و لەژوورێكدا خزمەتی دەكەین، ئەو پیاوە خانەنشینی هەیە، بەڵام كەسێك وەریدەگرێت نازانین كێیە، تەنانەت كەسوكاریشی وەریناگرنەوە".

دوكانداران خزمەتی حەمە دەكەن
دوكاندارانی بازاڕی قەزازی كارەبایی كە چەند ساڵێكە خزمەتی حەمە دەكەن، لەم كاتەشدا پێیان لە نەخۆشخانە نەبڕیوە و بە شەو و بە رۆژ بەدیارییەوەن، بەكر مەجید دوكاندارێكی دیكەی ئەو بازاڕەیە و ئاماژەی بەوەكرد، حەمە بۆتە كەسێكی نزیكیان و قەت فەرامۆشی ناكەن. 

لە كوێ دەژی؟
ئەو ژوورێكی بچووكى بە دار و تەختە و خێمە بۆی دروستكراوە و لە ناوەوەش چەند دۆشەك و بەتانی و پشتییەكی تێدایە و دەكەوێتە كۆڵانێكی بەشی پشتەوەی شەقامی مەولەوی، ئەوە شوێنی حەمەیە كە لەلایەن دوكاندارانی بازاڕی قەزازەوە بۆی دروستكراوە، فایەق روونیكردەوە: حەمە لەهیچ شوێنێك ئارام ناگرێت لەوێ نەبێت، بۆیە ئێمەش ئەو شوێنەمان بۆ دروستكردووە و چاودێریشی دەكەین.

كەسوكاری هەیە؟
لای زۆر كەس وا بڵاوە كە حەمە و بەكر هیچ كەسێكیان نییە تا خزمەتیان بكات، بەڵام پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆی، لەلایەن فایەق حەمەساڵحەوە دوای هەوڵدانێكی زۆر برایەكی دۆزراوەتەوە و واژۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكەی بۆ كردووە.

هیدایەت مستەفا، برای حەمە لە نەخۆشخانە چاودێری براكەی دەكرد، لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: ئێمە سێ براین و سێ خوشكیشمان هەیە، بەڵام بەكر و حەمە هەر لە زگماكییەوە باری دەرونییان باش نەبووە، ئەو دەڵێت، ساڵانی هەشتاكان سەرەتا بەكری برای هاتۆتە دەرەوە، بەڵام ئیدی لەساڵی 1989 بۆ 1990 بەكر، حەمەشی لەگەڵ خۆی هێناوەتە دەرەوە و ئیدی بەو شێوەیە بوون.

هیدایەت بە نهێنی خزمەتی كردووە
فایەق دەیوت، زۆر كات هەستیان كردووە لەو شوێنەی حەمە تێیدا دەژی، كەسێك هەیە خزمەتی دەكات، بەڵام نەیانزانیوە كێیە تا دواتر دەركەوتووە براكەیەتی، هیدایەت دەڵێت : "تەنیا خۆم و چەند كەسێكی خێرخواز لەنزیكەوە چاودێری دەكەین، دەیبەمە گەرماویش بۆ شۆردن".

هیدایەت زۆر هەوڵیداوە حەمە بباتەوە ماڵی خۆی بۆ نیشتەجێبوون، بەڵام حەمە تەنیا ئەو شوێنەی خۆی دەوێت و وتی: "لەساڵی 2017-دا شەوێك بردمەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام كاتژمێر یەکی شەو كاتێك هەستاین رۆیشتبووە دەرەوە، چونكە خۆی ناگرێت، تەنانەت خوشكەزایەكیشم هەوڵیدا بیباتەوە ماڵەوە، دوو شەو لەوێ مابوو خۆی نەگرتبوو".

ناوبراو وتیشی: "كاكە حەمە دەزانێت برای ئەوم و ناوم هیدایەتە، بەڵام هەواڵی كەسی خۆمانم لێناپرسێت، بە دوو یان سێ مانگ جارێك باسی كاكە بەكری برام دەكات".

داوادەكات رێزی بگرن
زۆرجار لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان لەلایەن خەڵكەوە تانە یان ئازاری حەمە دەدرێت، هیدایەت داوایەكی لە خەڵكی كرد و وتی: "زۆر كەس ئازاری دەدەن، خەڵكیش هەیە خۆشیاندەوێت، هیوادارم رێزی زیاتری لێبگرن، زۆر سوپاسی كەسانی خێرخوازی بازاڕی قەزازی كارەبایی دەكەم كە خزمەتی زۆر باشی دەكەن، سوپاسی نەخۆشخانەی شاریش دەكەم كە خزمەتێكی باشیان كرد".

سیفاتە جوانەكەی حەمە چییە؟
فایەق دەڵێت، حەمە سیفاتێكی جوانی هەیە ئەویش پاكێتییە و هەوڵدەدەین بەشێك لەو پاكێتییەی لەدڵی حەمەیە بۆ خۆمانی بگێڕینەوە، ناوبراو كە زۆربەی كات لەگەڵى هەڵسوكەوت دەكات، وتی: "حەمە هەموو چركەساتەكانی بەكری برای لەبیرماوە كە چۆن كاتێك لە شەقام پەڕیونەتەوە و ئۆتۆمبێل لە بەكری داوە و گیانی لەدەستداوە".

پ: ن. ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure