رێگەوبانی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان

هەواڵ / کوردستان :: 09/01/2019‌ :: 228‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی سلێمانی دڵنیایی دایە هاووڵاتیانی شارەکە كە تیمەكانیان لە دەرەوەی شار سەرقاڵی پاككردنەوەی بەفرن و داوا لە هاووڵاتیانیش دەكەن پابەندی رێنماییەكانی هاتووچۆ بن.


ئیبراهیم عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: بۆ پاككردنەوەی رێگەكانی دەرەوەی شار تیمەکنمان لەئامادەباشییان لە شارۆچكەی پێنجوێن، بەرەو دوكان و قەڵاچوالان و قەرەداغ و هەڵەبجە.

وتیشی: "باوەڕ ناكەم گرفتی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتیان دروست ببێت مەگەر بەفرێكی زۆر ببارێت بۆ نموونە دوو مەتر كە زۆری پێدەچێت بۆ پاككردنەوەی، یان بەفرەكە ببەستێت ئەوە كەمێك چارەسەری زەحمەتە، هەرچەندە بۆ ئەوەش خوێ ئامادەكراوە".

ئیبراهیم عەزیز رێنمایی بۆ هاووڵاتیان ئەوەیە هاوكاری تیمەكانیان بن و رێنماییەكانی هاتووچۆ جێبەجێ بكەن و لەناوچە شاخاوییەكان زنجیر ببەستن.

هاوكات رائید كاروان حەمەسدیق، وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: لە كاتی بەفرباریندا رێنمایمان ئەوەیە شۆفێران خێراییان كەمبكەنەوە و دڵنیابن لە مەرجی توندوتۆڵی ئۆتۆمبێلەكانیان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد: هەر كاتێك بزانین لەهەر شوێنێك هاتووچۆكردن ئاستەنگی بۆ دروستبووە و رووداوی لێدەكەوێتەوە و بزانین پاككردنەوەی شەقامەكان لەكۆنتڕۆڵ و ئامێری شارەوانییەكان دەرچووە و ئەو شەقامانە گرفت دروست دەكەن، ئەوا بەربەستی دەكەین تا ئەو كاتەی رێگەی هاتووچۆكردن ئاسایی دەبێتەوە.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure