شه‌ڕى باڵه‌كان لە عێراق سه‌رى هه‌ڵدایه‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 09/01/2019‌ :: 228‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، محه‌مه‌د عه‌لى
دواى بڕیارى دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى سوپاى وڵاته‌كه‌ى له‌ خاكى سوریا و بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆى جێگیركردنى ئه‌و هێزه‌ له‌ عێراق، درزى ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانى نێوان هێزه‌ عێراقییه‌كانى قوڵتركرد، له‌ تازه‌ترین ناكۆكیش شه‌ڕى هه‌ردوو باڵى دیارى ناو حیزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامییه‌، له‌نێوان باڵێك به‌ سه‌رۆكایه‌تى نوری مالكى سه‌رۆك وەزیرانی پێشووترى عێراق و ئه‌میندارى گشتى حیزبه‌كه‌، له‌گه‌ڵ باڵێكى تر به‌سه‌رۆكایه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق و سه‌ركرده‌ى دیارى حیزبی دەعوە.


ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9ى كانونى دووه‌م، ئیئتلافى نه‌سر به‌سه‌رۆكایه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ رۆژى 24-6-2014 بانگهێشتكراون له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كه‌ى نورى مالكى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئه‌و كاته‌ى عێراقه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامى هاتنه‌ناوه‌وه‌ى چه‌كدارانى داعشى تیرۆرست و داگیركردنى پارێزگاکانى عێراق له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ دۆكیۆمێنتكراوه‌ له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌و به‌ڵگانه‌ى له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا ئاڵوگۆڕیان پێكراوه‌، كه‌ پشت به‌ستوو بووه‌ به‌ رێككه‌وتنى ستراتیژى نێوان عێراق و ئه‌مریكا.

ئیئتلافى نه‌سر جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌: كاتێك حه‌یده‌ر عه‌بادى متمانه‌ى په‌رله‌مانى وه‌رگرت بۆ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ به‌روارى 8-9-2014 ئه‌و كاته‌ هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ عێراق بوونیان هه‌بوو پێش وه‌رگرتنى به‌رپرسیارێتى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ دوو مانگ، هه‌ر عه‌بادیش بوو ئه‌و هێزانه‌ى كرده‌ فره‌ڕه‌گه‌ز، نه‌ك ته‌نیا هێزى ئه‌مریكایى بێت.

ئیئتلافەكه‌ى عه‌بادى له‌ به‌یانناكه‌یدا داوا ده‌كات، هێزه‌ سیاسییه‌كان راستگۆیی به‌كاربهێنن و رای گشتى چه‌واشه‌ نه‌كه‌ن.

له‌ به‌رامبه‌ردا له‌ پاش كه‌متر له‌ یه‌ك كاتژمێر، ئیئتلافى ده‌وڵه‌تى یاسا به‌سه‌رۆكایه‌تى نورى مالكى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا نیگه‌رانى خۆى له‌و به‌یاننامه‌یه‌ى ئیئتلافى نه‌سر ده‌ربڕى كه‌ چه‌ند هه‌ڵه‌ و گه‌زافى داوه‌ له‌باره‌ى بوونى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق له‌ ساڵى 2014-دا.

به‌یاننامه‌كه‌ى ده‌وڵه‌تى یاسا ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ى له‌ به‌یاننامه‌كه‌ى نه‌سردا هاتووه‌ له‌و تۆمه‌ت و هه‌ڵانه‌ى باسى ده‌كات، راكردنه‌ له‌ به‌رپرسیارێتى ئه‌وه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى هێزه‌كانى پێشخستووه‌ و بنكه‌ى جێگیرى پێبه‌خشیون له‌ خاكى عێراق، هه‌روه‌ها پێدانى جوڵه‌كردن له‌سه‌ر خاك و ئاسمانى عێراق به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتى عێراقى، ئه‌وه‌ش سه‌رپێچییه‌كى روونه‌ له‌ به‌نده‌كانى رێككه‌وتنى ستراتیژى له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، كه‌ بووه‌ مایه‌ى ده‌ركردنى هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق ساڵى 2011.

به‌یاننامه‌كه‌ى ده‌وڵه‌تى یاسا، پێداگرى ده‌كات له‌سه‌ر، پاشه‌كشه‌كردنى هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق و دەشڵێت: "ئەو رۆژە رۆژێكى جیاواز و هه‌ڵاوێربوو له‌ مێژووى نوێى عێراقدا، ئه‌و رۆژه‌ وه‌ك‌ رۆژى جه‌ژنى نیشتمانییه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى نورى مالكى و هێزه‌ نیشتمانییه‌كان شانازى پێوه‌ده‌كه‌ن، كه‌ دانوستانكارى عێراقى توانى ئه‌و هێزه‌ بیانییانه‌ له‌ خاكى عێراق ده‌ربكات".

ده‌وڵه‌تى یاسا له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ش ده‌كات، سه‌ردانه‌كه‌ى دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا بۆ عێراق، راستى ئه‌وه‌ى ئاشكراكرد كه‌ حكومه‌تى پێشووى عێراق چ ده‌سه‌ڵاتێكى به‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق پێشكه‌شكردووه‌، كه‌ دژى ساده‌ترین بنه‌ماكانى سه‌روه‌رى عێراقه‌، بۆیە ئیئتلافى نه‌سر هه‌وڵیداوه‌ خۆى له‌و به‌رپرسیارێتییه‌ سیاسى و یاسایى و ئه‌خلاقییانه‌ لابدات كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادى له‌به‌رامبه‌ر راى گشتیدا ده‌كه‌وێـته‌سه‌رى.

سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕى به‌یاننامه‌ى نێوان ئیئتلافى نه‌سر و ده‌وڵه‌تى یاسا و تۆمه‌تباركردنى یه‌كترى، عه‌بدولكه‌ریم خه‌ڵه‌ف چاودێرى سیاسى و شاره‌زاى سه‌ربازى به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: ده‌وڵه‌تى یاسا ده‌یانه‌وێـت ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆى حه‌یده‌ر عه‌بادى.

وتیشى: "دواى ئه‌وه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى وه‌رگرت، ئه‌و كاره‌یان به‌ ئامانجكردنى نورى مالكى لێكدایه‌وه‌".

روونیشیکردەوە: عه‌بادى كاتێك بووه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت، هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ خاكى عێراقدابوون، هیچ شتێكى نوێى به‌ ئه‌مریكییه‌كان پێشكه‌ش نه‌كردووه‌، ئه‌و هێزانه‌ له‌سه‌ر داواى حكومه‌ته‌كه‌ى مالكى هاتوونه‌ته‌ عێراق، عه‌بادى هیچ ده‌سه‌ڵات و راسپاردنێكى زیاترى نه‌داوه‌ته‌ ئه‌و سوپایه‌ له‌سه‌رده‌مى سه‌رۆك وه‌زیرانیدا.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure