وه‌فدێكی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ده‌زگای دژه‌تیرۆری عێراق له‌كۆبوونه‌وه‌دان

هەواڵ / عێراق :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 4512‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9ى كانونى دووه‌م وه‌فدێكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ده‌زگای دژه‌تیرۆری عێراق له‌به‌غدا كۆبوونه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان  تا ئاماده‌كردنى ئه‌م هه‌واڵه‌ش له‌ كۆبوونه‌وه‌دان. 

سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ به‌دواڕۆژی وت: ئه‌مشه‌و چوارشه‌ممه‌ 9ی كانونی دووه‌م، وه‌فدێكی یه‌كێتی كه‌ پێكهاتوون له‌ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری كه‌ركوك له‌كۆبونه‌وه‌دان له‌گه‌ڵ عه‌بدولوه‌هاب ساعدی سه‌رۆكی ده‌زگای دژه‌تیرۆری عێراق له‌به‌غدا.

 ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشی" كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی قسه‌كردنه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گا حزبیه‌كانی كه‌ركوك".

ئه‌ و كۆبوونه‌وه‌  له‌پاش ئه‌وه‌دێت كه‌ ئه‌مڕۆ راكان جبورى پارێزگاری كاتی كه‌ركوك و ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسانی عه‌ره‌ب سه‌ردانی سه‌رۆكی ده‌زگای دژه‌تیرۆری عێراقیان كردووه‌ و سه‌باره‌ت به‌دوا پێشهاته‌كانی كه‌ركوك قسه‌یان كردووه‌.

هاوكات ئێواره‌ى ئه‌مڕۆش لەپەیوەندییەكی بەپەلەیدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوا لەسەرۆك كۆمار كردووە، ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگا حزبییەكانی شاری كەركوك دابگیرێت.

شه‌وی رابردوو یه‌كێتی بڕیاریدا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانی له‌كه‌ركوك هه‌ڵبكات، ئه‌وه‌یش ناڕه‌زایه‌تی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عه‌ره‌ب و توركمانی لێكه‌وته‌وه‌.
 پێداچوونه‌وه‌: هـ.ق 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure