یەکێتی لەڕێگەی وەفدێکەوە پەیامێک دەگەیەنێتە عەرەب و تورکمان

هەواڵ / کوردستان :: 09/01/2019‌ :: 348‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
وەفدێکی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێک لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەگەیەنێتە عەرەب و تورکمان، بەرپرسێکیش دەڵێت: "ئەو ئاڵایانەی هەڵمانکردوون، بەخوێن دەیپارێزین".


غەفور ساڵح جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی بەدواڕۆژی وت: "لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگا حزبییەکانی نێو شاری کەرکوک، وەفدێکی مەڵبەند سەردانی لایەنە سیاسیەکانی عەرەب و تورکمانیان کردووە و لەڕێگەی پەیوەندیشەوە لەگەڵ زۆربەی لایەنەكانی بەغدا قسە کراوە".

بەوتەی غەفور ساڵح، "روونمانکردووەتەوە کە مافی خۆمانە ئەو ئاڵایە لەسەر بارەگاکانمان هەبێت و زیادەڕۆیشمان لەسەر کەس نەکردووە".

وتیشی: "یەکێتی لەناردنی ئەو وەفدە مەبەستی بووە پەیامێک بەگوێی هەموو لایەکدا بدات کە هیچ کات ئیستیفزازی کەس ناکات و لەهیچ کەسیشی قبوڵ ناکات ئیستیفزازی بکات".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی جەختیشیکردەوە کە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بڕیارێکە دراوەو ئەگەر زانیومانە خوێنی هەموو کادیرانی یەکێتی لەنێو مەڵبەندو کۆمیتەکاندا بڕژێت رێگا نادەین دابگیرێت

شەوی رابردوو یەکێتی بڕیاریدا بەهەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانی لەکەرکوک، دوا بەدوای ئەوەیش زنجیرەیەک ناڕەزایەتی عەرەب و تورکمانی لێکەوتەوە.


پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure