دواڕۆژ ناوەڕۆکی نامەیەکی یەکێتی بۆ پارتی بڵاودەکاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 09/01/2019‌ :: 2316‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى نیشتمانیی كوردستان ئاشكرایده‌كات: مه‌كته‌بى سیاسی یه‌كێتی له‌ ڕێگه‌ى نامه‌یه‌كى رەسمییه‌وه‌ داواى له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان كردووه‌ ئه‌و شه‌ش كادیره‌یان ئازاد بكات كه‌ له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا له‌ سنورەکانى پارتى ده‌ستگیركراون.


رۆژی 6ی ئەم مانگە هه‌ریه‌ك له‌ (پێشڕەو وەیسی و هه‌رێم ره‌فعه‌ت) كادیری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لە هەولێر ئازادكران و لەبەرامبەریشدا یەكێتی (سەرخێڵ ئەكبەر رۆستەم) كادیری پارتی دیموكراتی كوردستانی لە سلێمانی ئازادكرد، بەڵام رێکكەوتنەكە بەشێوەیەك بوو كە تەواوی دەستگیركراوانی یەكتری ئازادبكەن، بەڵام پارتی تاوه‌كو ئێستا ڕازى نییه‌ بە ئازادكردنی ئەو دەستگیركراوانەی دیكەی یەكێتی.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 8ى كانونى دووەم، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نامەیەکی رەسمى بۆ پارتی ناردووه‌ و تیایدا نیگەران بووە لەوەی پارتی  پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ ئازادكردنى ته‌واوی كادیره‌كانی و تیایدا داوای ئازادكردنی شەش كادیری دیكەی كردوە كە ماوەیه‌كى زۆره‌ لای پارتی دەستگیركراون.

هەر دوێنێش ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نوسراوێكیان ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەیان كردوە و داوایان كردوە كە تا كادیرەكانیان ئازاد نەكرێن، هیچ جۆرە كۆبونەوەك لەگەڵ پارتی نەكەن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاسۆ مامه‌ند، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان به‌ دواڕۆژى وت: "دوێنێ سێشه‌ممه‌ مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى به‌ رەسمى و له‌ڕێگه‌ى نوسراوێكه‌وه‌ داواى له‌ پارتى كرد، ئه‌و شه‌ش كادیره‌ ئازادبكات كه‌ له‌ماوه‌ى رابردوودا ده‌ستگیركراون".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: تاوه‌كو بتوانن كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتى به‌رده‌وام بێت و پڕۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌، پێویسته‌ چاره‌نووسى ئه‌و شه‌ش كادیره‌ دیاریبكرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure