عه‌بدولمه‌هدى له‌باره‌ی زیادكردنی سوپای ئه‌مریكا له‌عێراق رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / عێراق :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 76‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د عه‌لى
دواى ئه‌وه‌ى ده‌نگۆى هاتنى سوپاى زیاترى ئه‌مریكا بۆ عێراق بڵاوبووه‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا وتی: "تائێستا هیچ زانیارییه‌كم پێنه‌گه‌یشتووه‌".

له‌و كۆنگره‌یه‌دا عادل عه‌بدولمه‌هدى رایگه‌یاند: هه‌ماهه‌نگى باش له‌گه‌ڵ سوریا و هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش و توركیادا هه‌یه‌، چه‌ند رۆژى پێشتریش گورزى ئاسمانیمان له‌ناو خاكى سوریادا له‌ تیرۆرستان وه‌شاندووه‌، ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ش كاریگه‌رى ئه‌رێنى له‌سه‌ر بارودۆخى ئه‌منى ناوخۆیى عێراق هه‌یه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، ئاشكراشیكرد دۆسیه‌ى ئاسایشى عێراق، له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى به‌رگرییه‌وه‌ ده‌گوازینه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆ و كارى گه‌وره‌مان له‌سه‌رى كردووه‌، هیوادارین له‌مساڵدا كارى گه‌وره‌ترى له‌ زۆرترین پارێزگاى عێراقدا له‌سه‌ر بكه‌ین، به‌رده‌وامیش ده‌بین تا ته‌واوى ده‌كه‌ین.

سه‌باره‌ت كه‌ هاتنى سوپاى ئه‌مریكا بۆ عێراق پاش ئه‌وه‌ى له‌ سوریا كشانه‌وه‌، عادل عه‌بدولمه‌هدى رایگه‌یاند: وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق، تائێستا هیچ زانیارییه‌كم پێنه‌گه‌یشتووه‌، له‌سه‌ر زیادكردنی و مانه‌وه‌ى سوپاى عێراق، له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تى عێراق، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بینین كه‌مكردنه‌وه‌ى هێزه‌كان هه‌یه‌، نه‌ك زیادكردن و هاتنیان، مانگانه‌ ژماره‌یان كه‌مده‌كاته‌وه‌.

وتیشی: "له‌ مانگى ئه‌یلولى رابردوودا، ژماره‌ى هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق، نزیكه‌ى 11  هه‌زار سه‌رباز بوون، ئێستا ته‌نها هه‌شت هه‌زار سه‌رباز ماونه‌ته‌وه‌".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure