وه‌زاره‌تی رۆشنبیری پلانی كاره‌كانی بۆ ئه‌مساڵ جیاواز ده‌بێت

هەواڵ / که‌لتور :: 09/01/2019‌ :: 130‌ جار بینراوە

تاگ :: رۆشنبیرى

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
بریكاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كاری له‌سه‌ر بنه‌بڕكردنی كه‌لتوری توندڕه‌وی و تیرۆر كردووه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌مساڵ چالاكییه‌كانیان به‌پێی پێویستی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێت. 


سالار عوسمان، بریكاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی داعش وه‌زاره‌ته‌كه‌ی ساڵانه‌ كارو چالاكییه‌كانی تایبه‌ت ده‌كرد به‌ بنه‌بڕكردنی بیری توندوتیژی و توندڕه‌وی و چه‌ندین كۆنفرانس و سیمیناری تایبه‌ت به‌م بوارانه‌ی ئه‌نجامدا. 

بریكاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری وتیشی: "هه‌رچه‌نده‌ هێڵه‌ گشتییه‌كانی كاروچالاكی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری  بو ساڵی 2019 دیاریكراوه‌، به‌ڵام تا كابینه‌ی تازه‌ پێكنه‌هێنرێت و چ كه‌سێك بۆ پۆستی وه‌زیری رۆشنبیری دیاری ده‌كرێت، كاروچالاكییه‌كان ده‌ستپێناكه‌ن، چونكه‌ ستافی تازه‌ی وه‌زاره‌ت پلانی كاركردن داده‌ڕێژن".

له‌باره‌ی چڕكردنه‌وه‌ی كاره‌كانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانیش، ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: له‌ هێڵه‌ گشتییه‌كاندا جه‌خت له‌سه‌ر هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كه‌لتوری یه‌كترقبوڵكردن و نه‌هێشتنی توندوتیژی له‌ نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زی به‌رامبه‌رو په‌ره‌پێدان به‌ بواره‌كانی وه‌رزش كه‌ ئه‌مساڵ به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر كار له‌سه‌ر پێشخستنی بواری وه‌رزش ده‌كرێت. 

روونیشیكرده‌وه‌: وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كار له‌سه‌ر هاوكاریكردنی بواری هۆشیاری منداڵان و پێگه‌یاندنیان ده‌كات له‌ به‌ره‌وپێشبردنی به‌هره‌كانیان. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure