200 داری ته‌مه‌ن 100 ساڵ ده‌بڕدرێنه‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 09/01/2019‌ :: 179‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
له‌ لایه‌ن ده‌ستێكى نادیاره‌وه‌ له‌ خانه‌قین نزیكه‌ى 200 دارى خورما ده‌بردرێنه‌وه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 100 ساڵ زیاتر بووه‌، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانى چالاكوانانى ناوچه‌كه‌ى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت: "له‌ناوبردنى باخه‌كان بۆ مه‌به‌ستى بازرگانیكردنه‌".


سه‌لام عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامى لیژنه‌ى كارى هه‌روه‌رزى له‌ خانه‌قین به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ یه‌كێك له‌ باخه‌ گه‌وره‌كانى گه‌ره‌كى ئیمام عه‌باسى شارى خانه‌قین له‌ لایه‌ن ده‌ستێكى نادیاره‌وه‌ نزیكه‌ى 200 دارى خورما بڕدراونه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 100 ساڵ زیاتره‌، به‌رى ڕه‌نجى جوتیار و كرێكارانى ساڵانى رابردووه‌ كه‌ سیما و ژینگه‌یه‌كى ته‌ندروستى به‌ ناوچه‌كه‌ به‌خشیبوو. 

وتیشى: "مه‌به‌ست له‌ بڕینه‌وه‌ى ئه‌و دارانه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ شوێنه‌كه‌ى بكرێته‌ دوكان و باڵه‌خانه‌ى بازرگانى و له‌ ساڵانى رابردوو چه‌ندین باخ و هه‌زاران دارى دیكه‌ له‌ناوبراون، به‌ڵام دواتر توانییان ڕێگرى له‌و دیارده‌ ناشارستانییه‌ بگرن".

ئه‌و چالاكوانه‌ باسیشى له‌وه‌كرد: په‌یوه‌ندییان به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ كردووه‌ و هه‌مووان بێئاگایی خۆیان ده‌ربڕیوه‌و هه‌ندێكیان به‌ڵێنیان پێداون كه‌ به‌دواداچوون ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نجامده‌رانى ئاشكرا بكه‌ن و رووبه‌ڕووى یاساییان بكه‌نه‌وه‌. 

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌حمه‌د عه‌لى وته‌بێژى پۆلیسى خانه‌قین به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌شێكى ئه‌و باخانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ نێو گه‌ڕه‌ك و شوێنه‌ گشتییه‌كاندان، تاڕاده‌یه‌ك بێزارى هاووڵاتیانیان لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها خاوه‌نه‌كانیشیان پێیانباشه‌ لایبه‌رن و بۆ نیشته‌جێبوون و كارى بازرگانى به‌كاربهێنن، چونكه‌ سودى زیاتره‌. 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: به‌پێى یاسا بڕینه‌وه‌ى ئه‌و دارانه‌و به‌كارهێنانى زه‌وییه‌كه‌ى بۆ كارى بازرگانى قه‌ده‌غه‌یه‌و هه‌ركاتێك لایه‌نى ئیدارى فه‌رمانیان پێبكات، ئه‌وه‌ وه‌كو پۆلیس به‌دواداچوون ده‌كه‌ن بۆ رێگه‌گرتن له‌و دیارده‌یه‌. 

له‌ چه‌ند ساڵى رابردوودا له‌ خانه‌قین، له‌ لایه‌ن خاوه‌ن باخه‌كان و كه‌سانى ده‌ستڕۆیشتوو به‌شێكى زۆر له‌ باخه‌كان به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى كه‌ ده‌كه‌ونه‌ شوێنى بازرگانییه‌وه‌ سوتێنران و بڕێندرانه‌وه‌و دواتر له‌ شوێنه‌كانیان دوكان و باڵه‌خانه‌ى بازرگانى دروستكران. 
 
فازل عه‌باس هاووڵاتییه‌كى ته‌مه‌ن 60 ساڵ دانیشتووى خانه‌قین ده‌ڵێت: "له‌ ساڵانى رابردوودا ئه‌و باخانه‌ له‌ خانه‌قین ژینگه‌یه‌كى پاك و سیمایه‌كى ته‌ندروستى به‌ ناوچه‌كه‌ به‌خشیبوو، هاوكات داهاتى باش بوو بۆ هاووڵاتیان له‌ ڕووى به‌رهه‌مى خورماو میوه‌ جۆراو جۆره‌كانه‌وه‌". 

ئه‌و هاووڵاتییه‌ به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ وتى: "به‌داخه‌وه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ مه‌به‌ستى بازرگانیكردن باخه‌ حكومیى و تایبه‌تییه‌كانیش له‌ لایه‌ن خاوه‌نه‌كانیان و كه‌سانى ده‌ستڕۆیشتووه‌وه‌ ده‌سوتێنرێن و ده‌بڕدرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌پێناو بازرگانیكردن به‌ شوێنه‌كانیانه‌وه‌". 

بڕینى ئاوى ئه‌ڵوه‌نیش له‌ لایه‌ن وڵاتى ئێرانه‌وه‌ زیانى به‌ باخه‌كان گه‌یاندووه‌و بووه‌ته‌هۆى وشكبوونه‌وه‌ى به‌شێكى ئه‌و باخانه‌.

سه‌میر محه‌مه‌د سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى شاره‌انى خانه‌قین به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ خانه‌قین به‌پێى ئامارى شاره‌وانى هه‌زار و 250 دۆنم زه‌وى باخیان هه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌یان باخ و هه‌زاران دار جۆراوجۆر پێكهاتوون و به‌پێى یاسا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ نادرێت ئه‌و باخانه‌ له‌ زه‌وى كشتوكاڵییه‌وه‌ بگۆڕدرێن بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێكى تر. 

وتیشى: "ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ خانه‌قین رووده‌دات ساڵانێكه‌ درێژه‌ى هه‌یه‌و بڕینه‌وه‌ و سوتاندنى باخه‌كان چه‌ند هۆكارێكى هه‌یه‌، له‌وانه‌ وشككردنى ئاوى ئه‌ڵوه‌ن له‌ ساڵى 2005 له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بووه‌هۆى وشكبوونى به‌شێكى ئه‌و باخانه‌، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى باخه‌كان به‌شێكى زۆریان خاوه‌نه‌كانیان نه‌ماون و میراتین كه‌س كاریان تێدا ناكات و زۆربه‌یان بێ خزمه‌تن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌ ئێستادا تێچووى خزمه‌تكردنیان له‌ داهاتیان كه‌متره‌". 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هۆكارى دیكه‌شى په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و باخانه‌ به‌شێكیان شوێنه‌كانیان ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌ى بازرگانى، هه‌ربۆیه‌ له‌ لایه‌ن خاوه‌نه‌كانیانه‌وه‌ به‌شێوه‌ى نایاسایى له‌ بارودۆخه‌ جیاوازه‌كان توانیویانه‌ داره‌كانى باخه‌كان له‌ناوببه‌ن و دوكان و شوێنكارى بازرگانى له‌ شوێنه‌كانیان دروستبكه‌نه‌وه‌. 

سه‌میر محه‌مه‌د ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌به‌ر بارودۆخى ناوچه‌كه‌، زۆرجار نووسراویان بۆ پارێزگاى دیاله‌ كردووه‌ به‌پێى یاسا و ڕێنماییه‌كى تایبه‌ت كارى باخه‌كانى خانه‌قین رێكبخرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتیان به‌شێوه‌ى نایاسایى به‌كارى نه‌هێنن، به‌ڵام له‌ لایه‌ن دیاله‌وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ نابێ ئه‌و شوێنانه‌ بگۆڕدرێن بۆ شوێنى بازرگانى. 

له‌ قه‌زای خانه‌قین ده‌یان باخى گه‌وره‌ى خورما و میوه‌ى جۆراوجۆر هه‌ن كه‌ تێكه‌ڵاو به‌گه‌ڕه‌ك و بازاڕى قه‌زاكه‌ بوون و سیمایه‌كى جوانى به‌ ناوچه‌كه‌ به‌خشیوه‌.  

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure