بازرگانیکردن بە شەڕە سەگەوە بووەتە مۆدێل

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 09/01/2019‌ :: 1513‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
به‌شه‌ڕدانی دوو سه‌گ و دیمەنه‌ خوێناوییه‌كه‌ی، نیگەرانیی هاووڵاتیانی لێکەوتووه‌ته‌وه‌، لەئێستاشدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیداره‌ى راپه‌ڕین لە هەوڵدان بۆ ئەوەی دیاریدەی بەشەڕدانی ئاژەڵ و پەلەوەر و باڵندە قەدەغە بکەن.


بابەکر محەمەد، هاووڵاتییەکی دەڤەری راپەڕینە و خاوەنی چەندین سەگی "رەسەن"ەو وەک خۆی دەڵێت: "هەوادارێکی شەڕە سەگم، بەڵام لەئێستادا داوا دەکەم ئەو دیاردەیە بنەبڕ بکرێت".

محەمەد بە دواڕۆژی راگەیاند: ماوەی چەندین ساڵە وەک نەریتێک شەڕە سەگ لە سنوری بیتوێن و پشدەر هەیە، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا گۆڕانکاری لەو نەریتە ڕوویداوە و سەگەکان زۆر ئازار دەدرێن، کەسانێکی زۆر بۆ مەبەستی بازرگانی شەڕ بە سەگ دەکەن بۆ ئەوەی کڕیاریان بۆ بدۆزنەوە وەک ئەوەی کە لە شەڕە سەگەکەی سنوری گوندی بانوەقەلی قەزای پشدەر روویدا کە ئەو دوو سەگە خوێنیان لێ دەچۆڕا.

روونیشیکردەوە: زۆربەی ئەو سەگانەی لە شەڕەکاندا براوە دەبن، ئەوا ڕاستەوخۆ کڕیاریان بۆ پەیدا دەبێت و نرخەکەشیان زۆر کات لەنێوان 2 هەزار دۆلار بۆ 10 هەزار دۆلاری ئەمریکیدایە و خواستی زۆریش لەسەر سەگی ناوچەی پشدەرە .

وتیشی: "ماوەی چەند ساڵێکە وازم لە شەڕە سەگ هێناوە و داواشدەکەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو دیاردەیە بنەبڕ بکەن، چونکە پێموایە ئەو کارە لە رێڕەوی خۆی لایداوە و ئازارێکی زۆر بەسەگەکان دەگەیەنرێ لەپێناو دۆزینەوەی کڕیار بۆ سەگەکان، چونکە هەر سەگێک شەڕی زۆر بکات و ئازا دەربکەوێت، پارەی زۆر دەكات".

"شەڕە سەگ یا شەڕکردن بە سەگ لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین مێژوویەکی کۆنی هەیە بەهۆی بەناوبانگی سەگی پشدەر و ڕەسەنایەتی ئەو جۆرە سەگە، شەیدایانی سەگ و شەڕە سەگ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمەوە دێن بۆ بینینی دیمەنەکانی ئەو شەڕە"

پۆلیسی داراستان و ژینگەی راپەڕین خۆی ئامادە دەکات بۆ ڕێگری لە دیاردەکە

جەبار ئادەم، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین پڕۆژەیەکیان ئامادەکردووە و ئاڕاستەی هەریەک لە دەستەی چاککردنی ژینگەی هەرێم و ئیدارەی راپەرین و قایمقامیەتی قەزاکانی رانیە و پشدەریان کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری لەو دیاردەیە بکرێت و سزایەک دابنرێت بۆ ئەو کەسانەی کە هەڵدەستن بە ئەنجامدان و ڕێکخستنی شەڕە سەگ و شەڕە کەڵەشێر و شەڕە کەو، ئەوان تائێستا وەک پۆلیس ئەو دەسەڵاتەیان نەبووە کە کەس لەسەر ئەو جۆرە کارانە دەستگیر بکەن، چونکە هیچ یاسایەکی تایبەت بەو جۆرە حاڵەتە بوونی نەبووە .
 
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ جواڕۆژ وونیكردەوە: "داوامان لە ئەوقافی راپەڕین کردووە لە ڕێگەی مینبەری مزگەوتەکانەوە هاووڵاتیان لەسەر ئەو جۆرە دیاردەیە وشیار بکرێنەوە".

کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: لە دوای بینینی ئەو دیمەنە خوێناوییەی شەڕە سەگەکەی پشدەر زۆرێک لەهاووڵاتیان داوایان کردوە کە کاربکرێت بۆ رێگری لەو دیاردەیە، بۆیە ئەو وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کار لەسەر ئەوە دەکات بە یاسا رێگری لە بەشەڕدانی سەگ و کەڵەشێر و کەو بکرێت و ئەو کەسانە سزا بدرێن کە ئەو کارە ئەنجامدەدەن.
 
جەختیشیکردەوە: ئەو لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی راپەڕین کۆبونەوەی ئەنجامداوە بۆ ئەوەی لە رێگەی مینبەری مزگەوتەکانەوە هاووڵاتیان وشیار بکرێنەوە لەو دیاردە ناشارستانیە، چونکە تاوانێکی دینی و کارێکی نامرۆڤانەیە  .
 
پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure