رۆژانە 400 گەشتیار لەدەروازەیەکی ھەرێمەوە هاتوچۆدەکەن

هەواڵ / ئابوری :: 09/01/2019‌ :: 215‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی
بەرێوەبەری دەروازەی سەرزێرێ لە سنوری قەزای ئامێدی رایگەیاند: رۆژانە 400 گەشتیار لە دەروازەی سەرزێرێ هاتوچۆدەکەن و بەفربارینی ئەم دواییەش ھیچ کێشەیەکى دروست نەکردووە.

عیرفان سلێمان، بەڕێوەبەری دەروازەی سەرزیرێ بە دواڕۆژی راگەیاند: "وەفدێکی دەروازەی خابوری تورکیا سەردانی ئێمەیان کرد و لە کوبوونەوەیەکدا باس لە پتەوکردنی ئاڵوگۆڕی بارزگانی لە نێوان ھەرێم و تورکیادا کرد".

وتیشی: "وەفدەکەی تورکیا داواى کرد وەفدێکی ئێمەش سەردانی ئەوان بکەن، بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان ھەردوولا".

سلێمان ئاماژەی بەوەشکرد: "یەکێک لە خاڵە ھاوبەشەکانی نێوانمان ئەوەیە دەروازەی سەرزێری بە نێودەوڵەتی بکرێت و زیاتر پەرە بە بواری بازرگانی بدرێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "رۆژانی شەممە و یەکشەممە لە دەروازەکە پشووی رەسمییە لەلای ئەوان، لەلای ئێمە ھیچ کێشەیەک نیە، ئەگەر ئەو دوو رۆژەش بکرێتە دەوامی رەسمی".

بەوتەی عیرفان، رۆژانە 50 ئۆتۆمبێل ھاتوچۆ لە دەروازەی سەرزێرێ دەکەن و لەم هەفتەیەدا زیاتر لە چوار ھەزار گەشتیار ھاتۆچۆیان کردووە و بەفربارینی ئەم دواییەش ھیچ کێشەیەکی بۆ ئێمە دروست نەکردووە.

دەروازەی سەرزێرێ، دەروازەیەکی سنوری نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیایە لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ سەر بە قەزای ئامێدی لە باکوری پارێزگای دھۆک.

 

پ:س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە