100 رۆژ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردندا تێپه‌ڕیووه‌
ئاسۆى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت نادیاره‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/01/2019‌ :: 185‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
سه‌ره‌ڕاى تێپه‌ڕبوونى 100 رۆژ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردندا، به‌ڵام تائێستا لایه‌نه‌ سیاسییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى هه‌رێم نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتن له‌باره‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم.


له‌دواى ئاشكراكردن و  په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلولى 2018   په‌رله‌مانى كوردستان، تائێستا پارتى دیموكراتى كوردستان وه‌ك لایه‌نى براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردن دووجار له‌گه‌ڵ یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان وه‌ك براوه‌ى دووه‌م و سێیه‌م له‌باره‌ى پرسى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ كۆبۆته‌وه‌، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێك.

عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌ سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى وت: "گفتوگۆكان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاستى گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ، بۆیه‌ تائێستا پێكنه‌هێنراوه‌، ئه‌م حاڵه‌تى دواكه‌وتنه‌ش له‌ زۆر شوێنى دنیا بووه‌".

وتیشى: "عورفى پێكهێنانى حكومه‌ت هه‌ر وایه‌، ده‌بێت لایه‌نه‌كان به‌ گفتوگۆ بگه‌ینه‌ ئه‌نجامێك كه‌ دواجار هه‌موولایه‌ك پێیڕازیبین، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و میتۆده‌ى به‌ ده‌نگى خه‌ڵك پێكهاتووه‌ ده‌بێت پراكتیزه‌ى واقیعى داهاتووى به‌ڕێوه‌بردنى هه‌رێمى كوردستان بكرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئیراده‌یه‌ هه‌بێت لاى هێزه‌كان كه‌ رێز له‌ ده‌نگى خه‌ڵك و ئه‌و پڕۆسه‌ دیموكراسیه‌ بگرین ره‌نگه‌ زۆر قورس نه‌بێت كابینه‌ى نوێ زوو پێكبهێنرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ست نه‌بین به‌و نه‌خشه‌یه‌ دەکرێت دوابكه‌وێت".

لەبارەی کۆبوونەوەکانی پارتیش لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی، وتەبێژەکەی پارتی وتی: "تا ئێستا ئه‌و دوو كۆبوونه‌وه‌ى له‌ نێوان پارتى و یه‌كێتى و گۆڕان به‌جیا ئه‌نجامدراوه‌، كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ توندوتۆڵكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوانمان بووه‌ و كۆبوونه‌وه‌ى دووه‌م باسكردن بووه‌ له‌ پێكهێنانى حكومه‌ت، له‌ گه‌ڕى سێیه‌م باس له‌ ورده‌كارى پپێكهێنانى حكومه‌ت ده‌كرێت".

ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه‌ جیاواز له‌ دانوستان بۆ پێكهێنانى كابینه‌كانى پێشووى حكومه‌تى هه‌رێم كه‌ راسته‌وخۆ نێچیرڤان بارزانى خودى خۆى وه‌ك كاندیدى راسپێردراوى حزبه‌كه‌ى بۆ پۆستى سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌كرد و سه‌رۆكى وه‌فدى دانوستانكارى حزبه‌كه‌ى ده‌بوو، به‌ڵام بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم كه‌ مه‌سرور بارزانى کە كاندیدى راسپێردراوى حزبه‌كه‌یەتی بۆ پۆستى سه‌رۆكی حکومەتی هه‌رێم و پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى، تائێستا به‌شدارى هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نه‌كردووه‌ و دیاریش نیه‌ كه‌ به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كانى داهاتوو ده‌كات یان نا.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى بۆچى تائێستا مه‌سرور بارزانى كاندیدى راسپێردراوى پارتى بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كان ناكات، عەتا شێخ حه‌سه‌ن وتى: "لیژنه‌یه‌كى باڵا له‌ پارتى پێكهاتووه‌ و ئه‌وان به‌رپرسن له‌ دانوستان و گفتوگۆ بۆ پرسى پێكهێنانى حكومه‌ت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویست بكات له‌ داهاتوو مه‌سرور بارزانیش به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كان ده‌كات".

له‌ دوو كۆبوونه‌وه‌ى پێشوو پارتى داواى رێككه‌وتنى له‌ یه‌كێتى كردووه‌ بۆ پرسى پێكهێنانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، به‌ڵام یه‌كێتى رازى نه‌بووه‌ و به‌ روونى به‌ پارتى وتووه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت رێككه‌وتنێكى نوێى سیاسى ئه‌نجام بده‌ن له‌ باره‌ى پرسه‌كانى حكومه‌تى عێراق و پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك و پێكهێنانى حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم.

له‌ به‌رانبه‌ریشدا پارتى به‌ یه‌كێتى وتووه‌ ناكرێت پێكهێنانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم ببه‌ستنه‌وه‌ به‌ پۆسته‌كانى به‌غدا و پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك (كه‌ یه‌كێتى داواى ده‌كات)، به‌ڵكو ده‌كرێت دواى پێكهێنانى حكومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ رێكبكه‌وین، به‌ڵام یه‌كێتى قبوڵى نه‌كردووه‌.

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان لێكتێگه‌یشتنى زیاترى له‌گه‌ڵ پارتى هه‌بووه‌، به‌ڵام خۆى یه‌كلایى نه‌كردۆته‌وه‌ و چاوه‌ڕێیه‌ بزانێ پارتى چ پۆستێكى ده‌داتێ كه‌ له‌ 12%ى پۆسته‌كانى حكومه‌ت به‌ مافى خۆیان ده‌زانن. پارتیش ده‌یه‌وێت هاوسه‌نگییه‌ك له‌ نێوان یه‌كێتى و گۆڕان رابگرێت بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌كان.

ساڵح ژاژڵه‌یى، جێگرى سه‌رۆكى جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌دواڕۆژى وت: "له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵك پێویسته‌ به‌ زوویى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن و كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت پێكبهێنرێت و خزمه‌ت به‌ هاووڵاتیان بكرێت".

وتیشى: "كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى پارتى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و گۆڕان تایبه‌ت ده‌بێت به‌ گفتوگۆ و رێككه‌وتن له‌باره‌ى پۆسته‌كانى په‌رله‌مان و حكومه‌ت، ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌موو پرسه‌كان بگه‌ینه‌ رێككه‌وتن، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ره‌تا ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌ستنیشان بكرێت و دواتر هه‌نگاو بنرێت بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم".

چوار رۆژه‌ پارتى و یه‌كێتى ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر ئاستى باڵا به‌ به‌شدارى مه‌سعود بارزانى كۆبوونه‌وه‌ له‌باره‌ى سه‌رجه‌م پرسه‌كان بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنیان، به‌ڵام جگه‌له‌وه‌ى له‌ماوه‌ى دوو رۆژى رابردوودا كۆبوونه‌وه‌كه‌ دواخرا، ئه‌مڕۆش به‌ چه‌ند هۆكارێكى جیاواز به‌ یه‌كجارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى وت: "پێویسته‌ به‌ زوویى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم پێكبهێنرێت و به‌رنامه‌یه‌ك بۆ خزمه‌تكردنى خه‌ڵك دابنرێت، چونكه‌ پێكهێنانى حكومه‌ت زۆر دواكه‌وتووه‌".

له‌دواى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ چه‌ند حزبێك ئۆپۆزسیۆن بوونى خۆیان راگه‌یاندووه‌، تا ئێستا دیاریش نیه‌ ئایا گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌گه‌ڵ پارتى ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن و به‌شدارى كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌ت ده‌كه‌ن یاخود ده‌بنه‌ ئۆپۆزسیۆن.

پ: ن. ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure