نرخ و جۆری خزمه‌تگوزاری له‌ سیتیه‌كان پێداچوونه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت‌

هەواڵ / ئابوری :: 08/01/2019‌ :: 321‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، زریان محەمەد
لە سلێمانی لیژنه‌یه‌ك بۆ به‌دواداچوون و رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی پێشكه‌ش به‌ نیشته‌جێبوانی سیتیه‌كان ده‌كرێت دروستکراوە، سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ش ده‌ڵێت: "به‌پێی پێوه‌ر و ئاستی باشی خزمه‌تگوزارییه‌كان نرخه‌كان دیاری ده‌كرێته‌وه".  


سۆران عه‌بدولغه‌فور، سه‌رۆكی لیژنه‌ی رێكخستنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری سیتیه‌كان بەدواڕۆژی راگه‌یاند: له‌لایه‌ن پارێزگاری سلێمانیه‌وه‌ لیژنه‌یه‌ك بۆ دیاریكردنی جۆر و ئاستی خزمه‌تگوزایه‌كان و نرخه‌كه‌ی له‌ سیتیه‌كاندا كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ نیشته‌جێبوانی ده‌كرێت پێكهێنراوه‌". 

وتیشی: "لیژنه‌كه‌ له‌ كه‌سانی پسپۆڕی چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ك پێكهاتوه كه‌ بریتین له‌ نوێنه‌ره‌كانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كاره‌با، وه‌به‌رهێنان، ئاسایشی ئابوری و چاودێری بازرگانی، كاری سەرەکی لیژنەکە پێداچونه‌وه‌یه‌ به‌ ئاست و نرخی ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی پێشكه‌ش ده‌كرێت تا كه‌موكورتییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و  كۆمپانیاكانیش به‌ باشترین شێوه‌ خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به‌ نیشته‌جێبوانی سیتیه‌كان بكه‌ن". 

ئاشکراشیکرد: رۆژی دوشه‌ممه‌ی داهاتوو كۆبونه‌وه‌یه‌كی گشتگیرتر ده‌كرێت بۆ دیاریكردنی جۆری ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی كه‌ پێویسته‌ له‌ یه‌كه‌ی سیتیه‌كاندا پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتی و نیشته‌جێبوانی ئه‌و شوێنانه‌ بكرێت، تا لیژنه‌كه‌ خاڵه‌كان بخاته‌ به‌رنامه‌ی كارەوە و وه‌به‌رهێنه‌كانی پابه‌ند بكرێن بە چاره‌سه‌ری كه‌موكورتییه‌كانیان.

روونیشیکردەوە: دوای ئه‌وه‌ی جۆر و نرخی خزمه‌تگوزاریه‌كان دیاریكرا، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌سیتیه‌كان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن پابه‌ندبوون به‌ ئه‌و جۆر و نرخه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ دیاریكراوه‌، كاره‌كه‌ ده‌درێته‌وه‌ به‌ هه‌مان كۆمپانیا، هه‌ر كۆمپانیایه‌كیش پابه‌ندنه‌بوو به‌و نرخه‌وە، له‌ڕێی ته‌نده‌روه‌ ده‌درێت به‌ كۆمپانیایه‌كی تر.

ئاماژەی بەوەشدا: بۆ ئاگاداربوون له‌ ئاست و كوالێتی و نرخی خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی سه‌ردانی سیتیه‌كان دەکات و‌ له‌ ئەگەری هه‌بوونی كه‌موكورتی كۆمپانیاكان رووبه‌ڕووی رێكاری یاسایی دەکرێنەوە.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure