دوای 70 رۆژ كادیرەكەی یەكێتی ئازادكرا

هەواڵ / کوردستان :: 08/01/2019‌ :: 290‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاریان عەلی 
دوای مانەوەی بۆ ماوەی 70 رۆژ لە زینداندا، ئەمڕۆ ئەندامێکی مەڵبەندی حەوتی موسڵی یەكێتی ئازادكرا، جێگری مەڵبەندی دهۆكی یەكێتیش دەڵێت: "هۆکاری دەستگیرکردنەکەی سیاسی بووە".


ئاراس محەمەد ئاغا، جێگری به‌رپرسى مەڵبەندی دهۆكى یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 8ى كانونى دووه‌م بە دواڕۆژی راگەیاند: دوای مانەوەی بۆ ماوەی 70 رۆژ لە زینداندا ئەمڕۆ (خالید ئیسماعیل مەعروف گۆران) ئەندامی مەڵبەندی حەوتی موسڵی یەكێتی و دانیشتووی قەزای بەردەڕەش ئازادكرا.

ئاراس محه‌مه‌د، كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا سەرپەرشتیاری رێكخستنی به‌رده‌ڕه‌شى یەكێتی-یه‌، وتیشی: "لە سنورەكەمان دەسەڵات مامەڵەیەكی زۆر خراپ دەكات و ئەو ئەندامەشمان بەهۆی سیاسەتەوە دەستگیركرابوو".

رونیشیكرده‌وه‌: ئەو تازە ئازاد كراوە و تاوەكو ئێستا نازانرێت ئازاری جەستەیی دراوە، به‌ڵام دوای رێكکەوتنی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكرات سه‌باره‌ت به‌ ئازادكردنى كادیرەكانی یەكتر ئازادكراوه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى كۆبونه‌وه‌ى بڕیاردراوى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى و پارتى ئازادنه‌كردنى ئه‌و كادیره‌ بووه‌.

پ: ن. ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure