حاكم رزگار له‌باره‌ى كاندیدبوونى بۆ پۆستى وه‌زیرى داد ده‌دوێت

هەواڵ / کوردستان :: 08/01/2019‌ :: 905‌ جار بینراوە
حاكم رزگار محەمەد ئەمین

تاگ :: داد

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
حاكم رزگار محەمەد ئەمین رایدەگەیەنێت: هیچ نووسراوێكی فەرمی له‌باره‌ى كاندیدكردنى بۆ وه‌زیرى داد پێنەگەیشتووە و نوسراوه‌كه‌شى له‌ میدیاكاندا بینیووه‌.


ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 8ى كانونى دووه‌م میدیاكان نوسراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ گوایه‌ له‌لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌ ئاراسته‌ى په‌رله‌مان كراوه‌ و تیایدا حاكم رزگار محەمەد ئەمین، یه‌كه‌مین دادوەری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق تایبه‌ت به‌ دادگایيكردنى سه‌دام حسێن كاندیدكراوه‌ بۆ وەزیری دادی عێراق.

حاكم رزگار بە دواڕۆژی راگەیاند: لە دەزگاكانی راگەیاندنەوە ئەو نووسراوەی بینیوە سەبارەت بە كاندیدبوونی بۆ وەزارەتی داد، ده‌نا بەفەرمی هیچ نووسراوێكی پێنەگەیشتووە و پەیوەندیشی بە حكومەتی عێراقییەوە نەكردووە بۆ راستی و ناڕاستی نووسراوەكە.

وتیشى: "پێشتر سیڤیم ناردبوو بۆ ئەو ئیمەیڵەی لەلایەن حكومەتی نوێی عێراقەوە بۆ خۆپاڵاوتنی وەزارەتەكان كرابووه‌وە".

پۆستى وه‌زاره‌تى داد بۆ كورد ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌ى رابردوودا به‌هۆى ناكۆكییه‌كانى نێوان هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان و پارتى دیموكراتى كوردستان نه‌توانراوه‌ كاندیدێك بۆ پۆسته‌كه‌ یه‌كلایى بكرێته‌وه‌.

یەكێتیی سووره‌ لەسەر وەرگرتنی ئەو وەزارەتە و خالید شوانی، ئەندامی سەركردایەتی كاندید كردووه‌، پارتیش له‌ به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك كۆمار له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌خوازێت سه‌رجه‌م پۆسته‌ وه‌زارییه‌كانى به‌غدا بۆ حزبه‌كه‌ى بێت.

پێداچونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure