سه‌رمایه‌دارانى پێنجوێن گه‌شتیارى زستانه‌یان فه‌رامۆشكردوه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/01/2019‌ :: 654‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى رێبین حه‌سه‌ن
به‌هۆى هه‌ڵكه‌وته‌ى شوێنه‌كه‌یه‌وه‌، پێنجوێن، ناوچه‌یه‌كى كوێستانى و شاخاوی و گه‌شتوگوزاره‌، سه‌ربارى پشتگوێخستنى له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمەوە، سه‌رمایه‌داره‌كانی ناوچه‌كه‌ش هیچ رۆڵێكی ئه‌وتۆیان نه‌بینیوه‌ له‌بواری گه‌شتیاریی به‌گشتی و گه‌شتیاری زستانه‌ به‌تایبه‌تی، زۆربه‌یان سه‌رقاڵی بازرگانین و گه‌شتیاری به‌سه‌رمایه‌گوزاریی نازانن
.

سۆفى ئه‌میر، نووسه‌ر و پسپۆڕى بوارى گه‌شتیارى له‌پێنجوێن، به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: "تاكه‌ ناوچه‌ى گه‌شتیارى سنوورى قه‌زاى پێنجوێن، له‌گه‌شتوگوزاریى سلێمانى تۆماركراوه‌، سه‌یرانگەى "بلكیان"ه‌، پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گه‌شتوگوزار له‌م ناوچه‌یه‌ بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى په‌ره‌ى زیاتر به‌گه‌شتوگوزار بدرێت، چونكه‌ له‌ئێستادا به‌هۆى به‌فربارینه‌وه‌، رۆژانه‌ گه‌شتیارێكى زۆر له‌ناوچه‌كانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق و كۆمارى ئیسلامى ئێران و ناوچه‌كانى ترى كوردستانه‌وه‌ دێنه‌ ئه‌م شوێنه‌ و به‌فرێكى زۆرى لێباریوه‌.

وتیشى: "پێویسته‌ سه‌رمایه‌دارانى پێنجوێن، ئه‌وانه‌ى خه‌ڵكى پێنجوێنن، بێن و سه‌رمایه‌كانیان بۆ گرنگیدان و بوژاندنه‌وه‌ى كه‌رتى گه‌شتیارى زستانه‌ له‌م وه‌رزه‌دا بخه‌نه‌گه‌ڕ، ئه‌ویش به‌دروستكردنى ناوچه‌ى گه‌شتیارى و هۆتێل، چونكه‌ تائێستا هه‌ر گه‌شتیارێك بێته‌ پێنجوێن، شوێنى مانه‌وه‌ و پشوودانى نییه‌ و به‌وه‌ش گه‌شتیار ناچاره‌ به‌خێرایی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ى لێوه‌ى هاتووه‌".

روونیشیكرده‌وه‌: "پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم سه‌رمایه‌داران هانبدات و ده‌ستگیرۆیان بكات، بۆ ئه‌وه‌ى بێنه‌ پێنجوێن و سه‌رمایه‌گوزارى له‌بوارى گه‌شتوگواردا بكه‌ن و هاوكاریشیان بكرێت. له‌ رێگه‌ى پێداچوونه‌وه‌ به‌و رێنماییانه‌ى كه‌ له‌بوارى گه‌شتیاریدا هه‌ن، به‌لابردنى ئاسته‌نگییه‌كان و كارئاسانى بۆیان".

لای خۆشیه‌وه‌، زانا ره‌حمان، قایمقامى قه‌زاى پێنجوێن، بۆ دواڕۆژ، وتى: "ساڵانه‌ له‌دوو وه‌رزدا گه‌شتیار رووده‌كەنه‌ سنوره‌كه‌مان، له‌وه‌رزه‌كانى به‌هار و زستاندا، به‌تایبه‌تی له‌م وه‌رزه‌دا كه‌ گه‌شتیارى زستانه‌ دێنه‌ پێنجوێن، كاتێك كه‌ به‌فر ده‌بارێت، ئه‌ویش بۆ خلیسكێنه‌ى سه‌ر به‌فره‌ كه‌ ساڵانه‌ ناوه‌ندى په‌ره‌پێدانى گه‌نجانى پێنجوێن سه‌رپه‌رشتى ده‌كات، كۆمه‌ڵێك مامۆستا و راهێنه‌رى باشن و  خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌یان فێرى ئه‌م وه‌رزشه‌ كردووه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ن وه‌رزشه‌كه‌ بكه‌نه‌ وه‌رزشێكى هه‌رێمى و هه‌موو هه‌رێمى كوردستان بگرێته‌وه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "وه‌ك حكومه‌تى هه‌رێم ئاوڕى جدی بۆ پێشخستنى كه‌رتى گه‌شتیارى زستانه‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌، سه‌رمایه‌دارانیش روویان له‌م ناوچه‌یه‌ نه‌كردووه‌، چونكه‌ پێویستى به‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رمایه‌گوزارى تێدا بكرێت، هۆكاره‌كه‌ى به‌شێكى په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌رمایه‌گوزارى له‌كه‌رتى گه‌شتیارى زستانه‌ قازانجى خاوه‌، به‌شێكى تریشى په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، پێنجوێن ناوچه‌یه‌كى سنورییه‌، هه‌میشه‌ له‌م ناوچه‌ سنوورییانه‌ش حه‌زه‌رى تیا ده‌كرێت كارى تیابكرێت، واته‌ وه‌ك پێویست له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنه‌رانی پێنجوێن و ناوچه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی، هاوكاری سنووره‌كه‌مان نه‌كراوه‌ و هیچ پڕۆژه‌یه‌كیان نه‌كردووه‌".

هاوكات نادر رۆستی، وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم، به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: "له‌هه‌ر شوێنێكی كوردستان، جێگه‌ی گه‌شتیاری هه‌بێت گرنگی پێده‌ده‌ین و پێمان باشه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییان و كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت، ده‌سته‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانیشمان هاوكاری ئه‌و كه‌رتی تایبه‌ته‌ بكه‌ن، كه‌ له‌و بواره‌دا پڕۆژه‌یان هه‌بێت".

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌: ئێستا هه‌وڵده‌ده‌ین زیاتر كه‌رتی تایبه‌ت وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، وه‌ك حكومه‌تیش ده‌توانرێت به‌پێی داواكارییه‌كانیان هاوكارییان بكرێت، به‌تایبه‌تیش وه‌ك پێنجوێن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری سلێمانیمان هه‌یه‌، ئه‌وان پێوه‌ندییان هه‌یه‌ به‌ كاركردن له‌سنووره‌كانی خۆیان، هه‌ر چالاكی و پڕۆژه‌ و كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك هه‌بێت، پێویسته‌ ئه‌وان به‌رزی بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئێمه‌.

ناوبراو، هیواشى خواست، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری سلێمانی به‌زووترین كات رووپێوێكی به‌رفراوانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سنووری پێنجوێن بكه‌ن، به‌پێی پێویست كاره‌كان و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له‌ رووی پڕۆژه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ هاوكاری كه‌رتی تایبه‌ت بكه‌ن، چونكه‌ راستییه‌كه‌ی پێنجوێن ناوچه‌یه‌كی سارد و شاخاویی گرنگه‌ و كۆمه‌ڵێك سه‌یرانگه‌ و مه‌زار و شوێنی ئاینی تێدایه‌.

قه‌زاى پێنجوێن، یه‌كێكه‌ له‌ناوچه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و 96 كیلۆمه‌تر له‌شارى سلێمانیه‌وه‌ دووره‌ و 1117 مه‌تر له‌ئاستى رووى ده‌ریاوه‌ به‌رزه‌، به‌هۆى هه‌ڵكه‌وته‌ى شوێنه‌كه‌یه‌وه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ناوچه‌ى گه‌شتیارى و سروشتى جوانه‌ و له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌دارانیشه‌وه‌ هێشتا وه‌ك پێویست نه‌توانراوه‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كى گه‌شتیارى و گه‌شتیارى زستانه‌ ئه‌نجامبدرێت، چونكه‌ ناوچه‌كه‌ خاوه‌نى به‌فرێكى زۆره‌.

پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure