عزه‌ت سابير: دۆخى دارایى هاوڵاتییان له‌ 2019 زۆر باش ده‌بێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 08/01/2019‌ :: 17470‌ جار بینراوە
عیزه‌ت سابیر

دواڕۆژ، سامان قوبادى
پسپۆڕێكى ئابورى ده‌ڵێت، دۆخى دارایى هاوڵاتییان له‌ 2019 زۆر باش ده‌بێت، داهاتى هه‌رێم زیاتر ده‌بێت و دۆخى داراییش باش ده‌بێت، به‌ڵام پێویستیشه‌ هاوڵاتییان پاشه‌كه‌وت بكه‌ن، دكتۆر عیزه‌ت سابیر پسپۆڕى ئابورى و مامۆستاى زانكۆ له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ده‌ڵێت: پێشتر راپرسییه‌كم ئه‌نجامدا بۆم ده‌ركه‌وت له‌ هه‌ولێر ئه‌گه‌ر هاوڵاتییه‌ك 100 دۆلارى پێبێت 60 ى خه‌رج ده‌كات و 40 دۆلارى پاشه‌كه‌وت ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هاوڵاتییه‌كى سلێمانى 100 دۆلارى پێبێت 95ى ده‌خوات و 5 دۆلارى پاشه‌كه‌وت ده‌كات.

دواڕۆژ: دۆخى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌ره‌و باش بوون ده‌ڕوات، بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتییه‌كى مووچه‌خۆر ساڵێكى دارایى باش به‌ڕێبكات، ده‌بێت چۆن خه‌رجییه‌كانى رێكبخات؟
عیزه‌ت سابیر: پاشه‌كه‌وت كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ و حكومه‌تى هه‌رێم-یش به‌ڵێنیداوه‌ به‌ 30 رۆژ جارێك مووچه‌ دابه‌شبكات، پێویسته‌ هاوڵاتی وه‌ك تاك، هه‌روه‌ها وه‌ك خێزان به‌رنامه‌یان هه‌بێت بۆ ئیداره‌دانى داهات و خه‌رجییه‌كانیان، پێنج ساڵى رابردوو ئه‌زموونێكى باش بێت بۆیان تا ئه‌و داهاته‌ى ده‌ستیان ده‌كه‌وێت باشتر له‌ جاران خه‌رجى بكه‌ن، راسته‌ پێویستییه‌كان زۆرن، به‌ڵام ناكرێت هه‌مووى خه‌رج بكرێت، به‌ڵكو رێژه‌ی 10 بۆ 15%ى داهاته‌كه‌یان پاشه‌كه‌وت بكه‌ن، ناكرێت به‌هه‌مان سیاسه‌ت و پلانى ساڵانى پێش قه‌یرانى دارایى مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، كوردستان له‌ دواى 1992 كۆمه‌ڵێك خواستى دواخراوى هه‌بوو، به‌شێكى زۆرى خه‌ڵك خانوو، ئۆتۆمبێل، ته‌له‌فۆنیان نه‌بوو، كاتێك خۆشگوزه‌رانى رووى تێكردین خێزانه‌كان نه‌ك پاشه‌كه‌وتیان نه‌كرد، به‌ڵكو خۆیان قه‌رزار كرد، ژن و مێرد ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لى ناوماڵیان به‌ قیست ده‌كڕى، نابێت ئه‌مه‌ دووباره‌ بێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌لاله‌ت له‌ گه‌شه‌ى ئابورى ناكات. 

دواڕۆژ: كه‌واته‌ چۆن خه‌رجییه‌كان رێك بخرێن؟
عیزه‌ت سابیر: یه‌كه‌م واز له‌ چاولێكه‌رى بێنن، زۆربه‌ى خه‌رجییه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ بۆ كاڵا ناپێویسته‌كان به‌هه‌ده‌ر ده‌ڕوات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هاوڕێكه‌ى هه‌یه‌تى ئه‌ویش ده‌یكڕێت، دووه‌م پێویسته‌ ته‌ركیز بخرێته‌ سه‌ر شمه‌كى گرنگ، ناگرنگ دوابخرێت بۆ كاتێكى تر، ئه‌گه‌ر پاشه‌كه‌وت زیادیكرد ئه‌وكات بكڕدرێت، نه‌ك له‌و مووچه‌یه‌ى كه‌ سه‌رى مانگ وه‌رى ده‌گرێت، سێیه‌م كاتى كڕین گرنگه‌، ئێواران میوه‌ و سه‌وزه‌ هه‌رزانه‌  به‌یانیان گرانه‌، جل وبه‌رگ به‌یانیان هه‌رزانه‌ ئێواران گرانه‌، جگه‌له‌وه‌ كه‌ مووچه‌ دابه‌شده‌كرێت نرخ به‌گشتى به‌رز ده‌كرێته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نرخى شمه‌ك هه‌رزانه‌، هه‌ندێكیان هێشتا مووچه‌ دابه‌شنه‌كراوه‌ نرخه‌كه‌ى هه‌رزانه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ ئه‌و كاتانه‌ بكڕدرێت كه‌ مووچه‌ دابه‌ش نه‌كراوه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى نرخیان گرانه‌.

دواڕۆژ: پێشبینیه‌كانت بۆ ئه‌مساڵ چۆنه‌ له‌رووى داراییه‌وه‌ به‌تایبه‌ت بۆ مووچه‌خۆران؟

عیزه‌ت سابیر: به‌پێى چه‌ند پێوه‌رێك 2019 به‌راورد به‌  دوو ساڵى رابردوو دۆخى دارایى زۆر باش ده‌بێت، قه‌رزه‌كانى سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم كه‌بووه‌ته‌وه‌، نرخى نه‌وت به‌رز بووه‌ته‌وه‌، به‌رهه‌مى نه‌وت و گازى سروشتى له‌ هه‌رێم زیادى كردووه‌، ته‌نها داهاتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى سلێمانى 114 ملیار دینار بووه‌ له‌ ساڵى رابردوودا، له‌كاتێكدا ساڵى 2012 و 2013 نیوه‌ى ئه‌م داهاته‌ هه‌بووه‌، بێگومان داهاتى هاتوچۆى هه‌ولێر زۆر له‌مه‌ زیاتره‌، بۆیه‌ گه‌شبینم به‌وه‌ى له‌رووى داراییه‌وه‌ ئه‌مساڵ زۆر باش ده‌بێت بۆ هاوڵاتییان.

دواڕۆژ: ئایا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ رێككه‌وتنى سیاسى له‌گه‌ڵ به‌غدا؟
عیزه‌ت سابیر: پلانێك هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وت-یش نه‌دات به‌ به‌غدا، زیاتر 317 ملیار دینار له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێم بنێرێت، به‌شێكى نه‌وتى كه‌ركوك له‌رێگه‌ى بۆرى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ده‌ڕوات، بۆیه‌ حكومه‌تى هه‌رێم پشكى تێدا هه‌یه‌ و كرێى گواستنه‌وه‌ش وه‌رده‌گرێت.

دواڕۆژ: ئه‌گه‌ر هاوڵاتیه‌ك 10 هه‌زار دۆلار سه‌رمایه‌كه‌ى بێت چۆن وه‌به‌رهێنانى پێوه‌ بكات، له‌ چ بوارێكدا بێت؟
عیزه‌ت سابیر: هه‌رچه‌نده‌ بۆ هه‌موو پڕۆژه‌یه‌ك نابێت، بۆ دۆخى ئێستا كردنه‌وه‌ى سه‌رتاشخانه‌، دوكانی چاككردنه‌وه‌ى بۆرى ئاو و كاره‌با، مۆبایل، خواردنگه‌یه‌كى بچووك بكاته‌وه‌، ده‌توانرێت پڕۆژه‌یه‌كى بچوكى پێ بكرێت دوو كه‌س كارى تێدا بكه‌ن، ده‌بێت دیراسه‌ بكرێت له‌ نزیك زانكۆ و په‌یمانگاكان و نه‌خۆشخانه‌ و فه‌رمانگه‌كان بكرێته‌وه‌، پێویسته‌ بزانرێت چى شتێك له‌نزیك ئه‌و شوێنانه‌ خواستى له‌سه‌ره‌، ئه‌گه‌رنا بخرێته‌ بانكى باوه‌ڕ پێكراو سوو وه‌ربگرێت كه‌ 8%ه‌ ئه‌و 10 هه‌زار دۆلاره‌ له‌ ساڵێكدا 800 دۆلارى ده‌چێته‌سه‌ر، یاخود پشكى كۆمپانیایه‌ك بكڕێت.

دواڕۆژ: هاوڵاتیانى كام شارى هه‌رێم زۆرترین خه‌رجى یان پاشه‌كه‌وت ده‌كه‌ن؟ په‌یوه‌ندى به‌چییه‌وه‌ هه‌یه‌؟
عیزه‌ت سابیر: پێشتر راپرسییه‌كم ئه‌نجامدا بۆم ده‌ركه‌وت له‌ هه‌ولێر ئه‌گه‌ر هاوڵاتییه‌ك 100 دۆلارى پێ بێت 60ى خه‌رج ده‌كات و 40 دۆلارى پاشه‌كه‌وت ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هاوڵاتییه‌كى سلێمانى 100 دۆلارى پێبێت 95ى ده‌خوات و 5 دۆلارى پاشه‌كه‌وت ده‌كات، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندى به‌ حه‌ز و ئاره‌ز و عادات و ته‌قالیدى كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ سلێمانى دیارده‌ى چاولێكه‌رى زۆر زیاتره‌ له‌ شت كڕیندا، خانمێك پێشكه‌شكاره‌ له‌ ته‌له‌فزیۆن پێویستى به‌ جوانكارى ده‌بێت، به‌ڵام هاوڕێى ئه‌و خانمه‌ كه‌ له‌ تیڤى نی
یه‌ پێویستى به‌ جوانكارى نییه‌ و ئه‌م خه‌رجییه‌ ده‌كات و ده‌یه‌وێت وه‌ك ئه‌و جوان بێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى پێشكه‌شكار نییه‌ گرنگ نییه‌، بیردۆزى ئابورى ده‌ڵێت، هه‌موو داهاتێك كه‌ ده‌ستت ده‌كه‌وێت به‌شێكى ده‌ڕوات بۆ خه‌رجكردن و به‌شه‌كه‌ى ترى بۆ پاشه‌كه‌وت، ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌مى بۆ خه‌رجكردن بوو پاشه‌كه‌وت نه‌بوو ئابورى وڵات گه‌شه‌ناكات، ده‌بێت هه‌موو پاشه‌كه‌وتێك بڕوات بۆ وه‌به‌رهێنان، كه‌ وه‌به‌رهێنان نه‌كرا گه‌شه‌ى ئابورى روونادات و كۆمه‌ڵگه‌ پێش ناكه‌وێت.

دواڕۆژ: كاڵایه‌كى زۆرى جوانكارى دێته‌ هه‌رێم، هاوكات به‌شێكى زۆرى خه‌رجیه‌كان بۆ كه‌ره‌سته‌ى كه‌مالیاته‌ به‌و هۆیه‌وه‌ داهاتێكى زۆر ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، ئایا به‌هه‌ده‌ردان نییه‌؟

عیزه‌ت سابیر: هه‌موو ئه‌و شمه‌كانه‌ى به‌كارت نه‌هێنا و توانیت بژیت پێیده‌وترێت ناگرنگ، شمه‌كى گرنگ كاتێك راسته‌ به‌كارى بهێنیت كه‌ پاشه‌كه‌وتێكى باشت هه‌بێت، داوا ده‌كه‌م هاوڵاتییان ته‌نها له‌سه‌ر مووچه‌كه‌یان خه‌رجى جوانكاریى نه‌كه‌ن، به‌ڵكو كاتێك كه‌ پاشه‌كه‌وتێكى باشیان هه‌بێت.

دواڕۆژ: كێ ده‌توانێت باشترین ژیان بژى ئه‌وانه‌ى له‌ كه‌رتى تایبه‌تن یان گشتى؟

عیزه‌ت سابیر: باشترین پلان ئه‌وه‌یه‌ به‌ كه‌مترین خه‌رجى خۆشگوزه‌رانى دابین بكه‌یت، ئه‌وانه‌ى له‌ كه‌رتى گشتیدان به‌رچاویان روونه‌ تا 50 ساڵى تر چه‌ند مووچه‌ وه‌رده‌گرن به‌ڵام چانسى زۆربوونى مووچه‌ له‌ كه‌رتى تایبه‌ت خێراتره‌، بۆیه‌ تاچه‌ند ده‌توانن هاوڵاتییان له‌ كه‌رتى تایبه‌ت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure