سینه‌ما سالم داخرا

هەواڵ / که‌لتور :: 08/01/2019‌ :: 228‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ هۆڵی سینه‌ما سالم له‌ شاری سلێمانی له‌ لایه‌ن هێزێكی ئاسایشه‌وه‌ داخرا.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ره‌وه‌ز حه‌مه‌ ساڵح به‌ڕێوه‌به‌ری سینه‌ما سالم بۆ دواڕۆژ وتی: "كاتژمێر 12ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ هێزێكی هه‌شت كه‌سی ئاسایش هاتوونه‌ته‌ سه‌ر هۆڵه‌كه‌ و ده‌رگاكه‌یان داخستووه‌ و كلیله‌كه‌یان بردووه‌".

داخستنی هۆڵی سینه‌ما سالم له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا ئاسایشی سلێمانی فیلمی 14ی ته‌مموزی قه‌ده‌غه‌ كردبوو، به‌ڵام ئه‌مان په‌خشیان كردووه‌.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی سینەما سالم، بڕیاروابووه‌ رۆژی هه‌ینی له‌ یادی تیرۆركردنی ساكینه‌ چانسز سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه‌، له‌ هۆڵی سینه‌ما سالم فیلمێك نمایش بكرێت.

بەیاننامەیەک بۆ ڕای گشتی

#پشتگیری_لە_سینەما_سالم

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (٨\١\٢٠١٩)، هێزێکی ئاسایشی گشتیی سلێمانی بێ هەبوونی نووسراوێکی فەڕمی، هاتنە سینەما سالم و دەرگای سینەماکەیان داخست.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی هەینی (١١\١\٢٠١٩)، فیلمێک لە ساڵیادی شەهیدکردنیدا دەربارەی هەڤاڵ ساکینە جانسیز لە سینەماکە نمایش بکرێت، هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە چەند ڕێگەیەکەیەوە و بێ هەبوونی پاساوێکی ڕاستەوخۆ و نووسراوی فەڕمی، ئاگاداریان دەکردینەوە کە ''نابێت ئەو فیلمە نمایش بکرێت''؛ سەرەڕای ئەوەی فیلمەکە مۆڵەتی فەڕمیی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەیە.

ئەم بەرتەسککردنەوەی ئازادی و قۆرخکردنی فەزای گشتییە ئیرادەی ئێمە ناخات و لە ئاست ڕێگریکردن لە هونەری ڕاستەقینە، بێدەنگ نابین.

لە هەڵوێستمان ئاگادارتان دەکەینەوە؛ لەگەڵمان بن!

#سینەما سالم
٨\١\٢٠١٩

 

داڕشتنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد

پ: ک. ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure