هه‌رێم داوایه‌كی به‌غدا له‌باره‌ی پێشمه‌رگه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 1751‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی به‌رگری و ئاسایش له‌په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: بەغدا پێشنیازیکردووە، رێژه‌ی له‌ 14% تا 17%ی کۆی گشتی بودجەی تەرخانکراو بۆ هێزە وشکاییەکانی عێراق بدرێتە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌مه‌یان ڕه‌تكردۆته‌وه‌.

ناسر هه‌ركی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: بەغدا رازییه‌ بەندێکی تایبەت بە بودجەی پێشمەرگە لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بكرێته‌وه ‌و له‌ كۆی بودجه‌ی هێزه‌ وشكاییه‌كانی عێراق 14% بۆ 17% ته‌رخانبكرێت، به‌ڵام فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان ئه‌و داوایه‌یان ڕه‌تكردۆته‌وه‌.

ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد: داوای ئه‌وان وەك كورد ئه‌وه‌یه‌ له‌نێوان بودجه‌ی هێزه‌ عێراقییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی ڕێژه‌یه‌كی دیاریكراو بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ته‌رخانبكرێت له‌ چوارچێوه‌ی نه‌فه‌قاتی سیادی به‌ مووچه‌ و مه‌شق و پڕچه‌ككردن.

ناوبراو، ئاشكراشیكرد: له‌بودجه‌ی 2019دا پاره‌یه‌كی زۆر بۆ كه‌رتی سه‌بازی ته‌رخانكراوه‌، كه‌ 9 ترلیۆنی بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری و 2 ترلیۆنی بۆ حه‌شدی شه‌عبی و نزیكه‌ی 700 ملیار دیناری بۆ ده‌زگای دژه‌ تیرۆر دانراوە.

پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2019ی عێراق دوای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی لەلایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ حكومه‌ت، دووباره‌ گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ په‌رله‌مان و له‌ ئێستاشدا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌و چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌م مانگه‌دا پڕۆژه یاسایه‌كه‌ په‌سه‌ند بكرێت.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure