فڕۆكەخانەی سلێمانی: ساڵی رابردوو 5 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار زیانی بەرکەوتووە

هەواڵ / ئابوری :: 08/01/2019‌ :: 235‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت: بەهۆی وەستانی گەشتی نێودەوڵەتی توركیا بۆ سلێمانی ساڵی رابردوو 5 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار زیانیان لێكەوتووە.


تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند: ساڵی رابردوو 309 هەزار و 869 گەشتیار گەشتیان كردووە، لەكاتێكدا لە ساڵی 2017دا 485 هەزار و 156 كەس گەشتیان كردووە، كۆی گەشتیاری رۆیشتووش 161 هەزار و 237 كەس بووە. 

ناوبراو روونیكردەوە ساڵی رابردوو كۆی كەلوپەلی هاوردە 9 هەزار و 752 تەن بووە، بەڵام لە ساڵی  2017دا  زیاتر لە 36 هەزار تەن بووە واتە 73%ی هاوردە كەم بووە، كۆی كەلوپەلی هەناردەش لە ساڵی رابردوودا 325 تەن، لەكاتێكدا لە ساڵی 2017دا  1987 تەن بووە واتە هەناردە 82% كەمیكردووە.
  
تاهیر عەبدوڵا ئاشكرایكرد، بەهۆی وەستانی گەشتی نێودەوڵەتی لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە، رۆژانە 15 هەزار دۆلار زەرەر دەكەن، ساڵی رابردوو 5 ملیۆن و 400 هەزار دۆلار بووە، هەروەها ساڵی رابردوو داهاتیان 4 ملیۆن و 200 هەزار بووە، زیاتر لە 6 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاریشیان لە پڕۆژەدا سەرفكردووە.
 
ناوبراو داوای لە هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كرد هەوڵی تەواو بدەن كە ئەمساڵ گەشتەكانی سلێمانی لەگەڵ توركیا دەست پێبكاتەوە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure