ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نەیتوانی کۆببێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 08/01/2019‌ :: 170‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاساییەوە نەیتوانی کۆببێتەوە بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ.


نەجات حسێن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدواڕۆژی وت: "رێژەی یاسایی دانیشتنەکە تەواونەکرا، چونکە تەنها دە ئەندام ئامادە بووین کە لەبنەڕەتدا دەبوایە بەپێی رێککەوتنەکە 16 ئەندام ئامادەبونایە".

وتیشی: "ئەو هۆکارە وایکرد دانیشتنەکە شکستبهێنێت کە بڕیار بوو تێیدا دەنگ بدرێت لەسەر دورخستنەوەی رێبوار تاڵەبانی و جەمال مەولود لەشوێنی هەڵبژێردرێت".

شەوی رابردویش لەلێدوانێکیدا بۆ دواڕۆژ جەمال مەولود سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی پارێزگا وتی: "هەرچەندە هەموو ئەندامانی ئەنجومەن لەبارەی دانیشتنەکەوە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام پێناچێت ئەنجامبدرێت".

لەبارەی هۆکاری ئەگەری شکستپێهێنانی دانیشتنەکەش، ئەو ئەندامەی ئەنجومەن روونیکردەوە، کە دادگای ئیستیئنافی کەرکوک نوسراوێکی ئاڕاستەی بانکی حوزەیران کردووە و تێیدا داوایکردووە کار بەئیمزای رێبوار تاڵەبانی بکات بۆ راییکردنی مامەڵە داراییەکان، چونکە بڕیارەکە تەمییزکراوەتەوەو هێشتا پلەی کۆتایی وەرنەگرتووە، ئەوەش وایکردووە بەشێک لەئەندامان لەئامادەبوونی کۆبوونەوەکە پەشیمان ببنەوە.

رۆژی 26ی کانونی یەکەم دادگای تێهەڵچونەوەی کەرکوک لەسەر سکاڵایەکی ئەنجومەنی پارێزگا سزای شەش مانگ زیندانی بەشێوەی غیابی بۆ رێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا دەرکرد، داواشیکرد لەهێزە ئەمنییەکان دەستگیری بکەن.

دوای ئەو بڕیارەش لیستەکانی نێو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەکۆبوونەوەیەکی نێوانیاندا رێککەوتن لەسەر دورخستنەوەی رێبوار تاڵەبانی لەپۆستەکەی و دانانی جەمال مەولود بەشێوەیەکی کاتی بەمەبەستی بەڕێوەبەردنی کاروبارە داراییەکان.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure