خورماتوو.. ئەو قەزایەی تەنیا زمانە كوردییەكەی تێدا ماوەتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 140‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
هه‌رچه‌نده‌ بڕیاربوو بۆ هاوسه‌نگی هێز و گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ نێو ئیدارەی قه‌زای خورماتوو چوار پۆست بدرێته‌وه‌ به‌ كورد، به‌ڵام ده‌ستی ده‌ستییان پێده‌كرێت، به‌رپرسێكی كوردیش ده‌ڵێت: "كێشه‌ی كورد له‌خورماتوو به‌ حزبه‌كان له‌ ئاستی ناوچه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت و پێویسته‌ له‌ئاستی سه‌ركردایه‌تی كورد و پۆسته‌ باڵاكانی كورد له‌ به‌غداوه‌ كاری بۆ بكرێت".


بورهان ئه‌مین به‌رپرسی مه‌كۆی گۆڕان له‌ خورماتوو به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: لایه‌نه‌ كوردییه‌كان جگه‌ له‌ پارتی له‌ خورماتوو كۆبوونه‌وه‌ و ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان تایبه‌ت بوو بەوەرگرتنەوەی چەند پۆستێك بۆ كورد.

له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا قایمقامی خورماتوو به‌ڵێنیدا بۆ ڕاگرتنی هاوسه‌نگی هێز و بەیەكسانیی پێدانی ماف بە لایه‌نه‌كان، چوار پۆست بۆ كورد بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌و به‌ڵێنه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه.

وتیشی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رێككه‌وتوون له‌ڕێگه‌ی سێ ئه‌ندامی كورد له‌ ئه‌نجوومه‌نی قه‌زای خورماتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان بۆ رێكبخرێت له‌گه‌ڵ قایمقام بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان یه‌كلابكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ ده‌ده‌رێت به‌ كورد یان ته‌نها به‌ڵێن بوون‌ و ئه‌گه‌ر پاشگه‌ز بوونه‌وەش هەیە،‌ كورد رێگه‌ی دیكه‌ بگرێته‌به‌ر".

له‌ ئێستادا له‌ خورماتوو كورد ته‌نها دوو پۆستی هەن كە "به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵ و سووته‌مه‌نی"ن ‌و له‌ چه‌ند مانگی رابردووش به‌ڵێن درا چوار پۆستی دیكه‌یان پێبدرێت كه‌ "شاره‌وانی، ڤێته‌رنه‌ری، په‌روه‌رده و پۆلیس"ن.

بورهان ئه‌مین ئاماژه‌شی به‌وه‌دا، زانیارییان پێگه‌یشتووه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌یەكی دوێنێش‌ باس كراوه‌ كه‌ چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی رێگرن و بەپێویستی دەزانن سه‌رووی خۆیان ئاگادار بكه‌نەوە.

پێشتر كورد داوای پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی قه‌زای خورماتووی كرد، به‌ڵام لایه‌نی توركمانی به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی له‌ ساڵانی رابردوو هه‌ردوو پۆستی قایمقام و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن به‌ ده‌ست كورده‌وه‌ بووه،‌ ره‌تیان كرده‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ بدرێته‌وه‌ به‌ كورد.

لای خۆشیه‌وه‌ فه‌رمان عه‌بدوڵا بەر‌پرسی لقی خورماتووی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: لایەنە ركابەرەكانی كورد له‌ خورماتوو له‌ ئاستی عێراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ریش پشتگیری ده‌كرێن، هه‌ربۆیه‌ داواكارییه‌كانی كورد به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نین و ئه‌وه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌ ئه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر زۆرجار ئه‌و لایه‌نانه‌ بێ گوێدانه‌ ئیداره‌ی قه‌زاكه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ كاری خۆیان ده‌كرد.

وتیشی: "له‌ خورماتوو پرسی كورد له‌ ئاستی خواره‌وه‌ به‌ حیزبه‌كان چاره‌سه‌ر ناكرێت، پێویسته‌ كورد له‌ ئاستی سه‌ركردایه‌تی هه‌وڵبدات و به‌رپرسانی كورد له‌ ئاستی سه‌رۆك كۆمار و پۆسته‌ باڵا‌كانی دیكه‌ له‌ به‌غدا كار بۆ به‌هێزكردنی كورد له‌م ناوچه‌یه‌ بكه‌ن و مافی خۆیانیان بۆ بگه‌ڕێننه‌وه".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی كورد ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئەوان وه‌كو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌ سنووری خورماتوو، به‌ یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان كردووه‌ و یه‌ك ده‌نگ و ڕه‌نگن له‌ ئێستاشدا، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان سه‌ر به‌ گروپ و حیزب و كه‌س و لایه‌نێكن‌ و له‌ناو یه‌كدا هه‌ماهه‌نگ و یه‌ك قسه‌ نین، بۆیه‌ وه‌كو لایه‌نی كوردی زۆرجار نازانن له‌گه‌ڵ چ لایه‌نێك كۆببنه‌وه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ن.

كورد له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ زۆربه‌ی پۆسته‌كانی لێسه‌نراوه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ زۆربه‌ی فه‌رمانگه‌كان فه‌رمانبه‌ره‌ كورده‌كان له‌ پۆسته‌ گرنگه‌كانی نێو فه‌رمانگه‌كانیش ده‌ركراون و توركمان خراوه‌ته‌ شوێنه‌كانیان.

هاوكار ستار هاوڵاتییه‌كی دانیشتووی خورماتوو به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: وه‌كو هاووڵاتیانی كورد به‌ ته‌واوه‌تی له‌ خورماتوو هه‌ست به‌ بێئومێدی و لاوازیی كورد ده‌كه‌ین و ته‌نها ده‌توانین به‌ كوردی قسه‌ بكه‌ین و هیچ ئازادییه‌كی دیكه‌مان نه‌ماوه‌ ته‌نانه‌ت ڕێگه‌ نادرێت ئاڵای كوردستان به‌رزبكه‌ینه‌وه‌ یان گوزارشت له‌ هه‌ر چالاكییه‌كی تایبه‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌وه‌ بكه‌ین و هیچ ئازادییه‌ك نه‌ماوه.

وتیشی: "كورد هه‌موو پۆسته‌كانی له‌ خورماتوو له‌ ده‌ستداوه‌ و ته‌نانه‌ت قه‌ره‌بووش نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و هیچ كه‌س و لایه‌نێك گوێ له‌ داوكارییه‌كان ناگرن و زۆرجار له‌ بازگه‌ و فه‌رمانگه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌ڵسوكه‌وتی ناشرین و نه‌گونجاو له‌گه‌ڵماندا ده‌كرێت و ته‌نانه‌ت به‌رتیلیشمان لێ وه‌رده‌گرن".

ئه‌و هاووڵاتییه‌ باسی له‌وه‌كرد: پێویسته‌ لایه‌نی حزبه‌ كوردییه‌كان به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی له‌ ئاستی باڵا كار له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی هێز و شكۆ بۆ هاووڵاتیانی كورد بكه‌ن له‌ خورماتوو هه‌روه‌ها كاربكرێت بۆ ڕاگرتنی هێز و پۆست و پله‌ جیاوازه‌كان، چونكه‌ كورد هاوشێوه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی تر حه‌وت ئەندامی كوردی ئه‌نجوومه‌نی هه‌یه‌ و له‌وان زیاتر نه‌بێت كه‌متر نییە. 

دوێنێ بۆ یه‌كه‌مجار پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین سه‌ردانی خورماتووی كرد و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ئیدارییه‌كان كۆبووه‌وه‌ و دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا عامر جابر ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ژماره‌یه‌ك كێشه‌ و گرفتیان سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی ئه‌منی و خزمه‌تگوزاری له‌ ناوچه‌كه‌ خستووه‌ته‌ڕوو و له‌و باره‌یه‌وه‌ بەڵێنیدا سه‌رجه‌م كێشه‌ و گرفته‌كانی سنووره‌كه‌ چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێتەوە.

ئه‌وه‌ی جێگای باسه‌ له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا پارێزگاری سەڵاحه‌دین به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماژه‌ی نه‌كرد به‌ كێشه ‌و گرفتی هاووڵاتیانی كورد و قه‌ره‌بووی زیانه‌كانی سووتان و ته‌قاندنه‌وه‌ی خانووه‌كانیان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كورد بۆ پۆسته‌كانی پێشوویان كه‌ له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ زۆربه‌یان له‌ ده‌ستداوه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure