پێدانی گۆڕستانی نوێی سلێمانی بە كۆمپانیایەك راگیرا

هەواڵ / کوردستانی :: 08/01/2019‌ :: 465‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەرپرسێكی شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت: لەبەرئەوەی ئەو كۆمپانیایەی بڕیاربوو سەرپەرشتی گۆڕستانی نوێی سلێمانی بكات نرخی زیادی بۆ هەڵكەندنی گۆڕ دانابوو، گرێبەستەكەیان لەگەڵی هەڵدەوەشێننەوە.


گۆڕستانی نوێی سلێمانی 180 دۆنمە و دەكەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی سلێمانی لەنزیك ناحیەی عەربەت، ماوەی چەند ساڵێكە كار بۆ تەواوكردنی دەكرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەواوبوونی راگیرابوو.

مەهدی مەحمود، سكرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: پڕۆسەی پێدانی گۆڕستانەكە بەكۆمپانیایەك بەهۆی ناڕەزایی هاووڵاتیانەوە راگیراوە و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی تەندەرەكەش دەدرێت، چونكە ئەو نرخەی پێشنیاز كراوە بۆ هەڵكەندنی گۆڕ 260 هەزار دینارە كە ئەوەش زۆرە، لەكاتێكدا نرخی گۆڕی گەورە 150 هەزارە، واتە 110 هەزارەكە بۆ كۆمپانیاكە دەبێت.

هاوکات بەكر تەیب، بەرپرسی بەشی پڕۆژەكان لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: گرێبەستی ئەو كۆمپانیایە هەڵدەوەشێتەوە لەبەرئەوەی بڕی 260 هەزار دیناری بۆ هەڵكەندنی گۆڕ داناوە، واتە بڕی 110 هەزار دینار نرخی گۆڕی گەورەی لە نرخی خۆی زیاتر كردووە.

وتیشی: "بەنیازین لەڕووی یاساییەوە رێكارەكانی هەڵوەشانەوەی دەست پێبكەین و پاشان بەجۆرێكی دیكە بیدەنە كۆمپانیایەكی دیكە".
  
بەكر تەیب ئاماژەی بەوەشدا: دەمانەوێت ئەو كۆمپانیایەی گۆڕستانەكە وەردەگرێت خزمەتی بكات، چونكە 180 دۆنمە و زۆر گەورەیە، پێویستی بە پاسەوان و سەوزاییە، واتە ئەو كۆمپانیایە هەموو خزمەتگوزاری و پێداویستییەكان بۆ گۆڕستانەكە دابین بكات، لە بەرامبەریشدا نرخێكی زیاتر بۆ گۆڕەكان وەربگرێت، بەڵام نەك بەو نرخە پێشنیاركراوەی ئێستا.

سەبارەت بە هۆکاری پێدانی ئەو خزمەتگوزارییە بە کەرتی تایبەت، بەكر وتی: "ئێمە ناتوانین ئەو خزمەتگوزارییانە جێبەجێ بكەین، بۆیە دەیدەینە كۆمپانیا".

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure