منداڵێكی ونبووى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ شارى قومى ئێران دۆزرایه‌وه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 07/01/2019‌ :: 399‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ رایدەگەیەنێت: منداڵێکی هەڵەبجەیان لە شاری قوم لە ئێران دۆزیوەتەوە کە لە تەمەنی حەوت مانگییەوە لە خێزانەکەی دابڕاوە.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشەممە له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارنی هه‌ڵه‌بجه‌، ورده‌كارى دۆزینه‌وه‌ى منداڵەکەی بۆ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن ئاشكراکرد و وتی: "ئه‌و منداڵه‌ ونبووه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ناوی (محه‌مه‌د ئه‌مین)ه‌ و له‌ شاری قوم له‌ ئێران نیشته‌جێ بووه‌، خوێندنی ته‌واوكردووه‌ و هاوسه‌رگیری كردووه‌ و ئه‌و كاته‌ی له‌ ئێران له‌ خێزانه‌كه‌ی دابڕاوه‌ ته‌مه‌نی حه‌وت مانگ بووه‌".

وتیشی: "به‌ هه‌وڵى كۆمه‌ڵه‌كه‌مان ئه‌و منداڵه‌مان گێڕایەوە بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ دادگای هه‌ڵه‌بجه‌ وته‌ی وه‌رگیراوه‌ و سبه‌ینێ رەوانەی سلێمانی دەکرێت به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی نمونه‌ی خوێن و ئه‌نجامدانى پشكنین، دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئێران تا ته‌واوبوونی كاری دادگا و دۆزینه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی".

به‌گوێره‌ى ئاماره‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیان، له‌ ئێستادا 75 خێزانى هه‌ڵه‌بجه‌ی ناویان تۆماركردووه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى 112 منداڵى ونبوو له‌ كاتى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌دا.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure