دوبارە پشکنینی پزیشکی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 07/01/2019‌ :: 570‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی کۆمه‌ڵایه‌تی هەولێر رایدەگەیەنێت: ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی پێشتر لە پشکنینی پزیشکی دەرنەچوون، جارێکیتر پشکنینیان بۆ ئەنجامدەدرێت.


یوسف چاوشین، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی کۆمه‌ڵایه‌تی  هه‌ولێر، بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی تەندروستی هەولێر کۆبووینەوە بۆئەوەی بتوانرێت دوبارە پشکنینی پزیشکی بۆ ئەو خاوەن پێداویستیە تایبەتانە بکرێت کە پێشتر لە پشکنینی لیژنە پزیشکیەکان دەرنەچوون.

وتیشی: "لەبەر ئەوەی پێشتر وەزارەتی تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتی رەزامەندیان دابوو لەوەی دوبارە پشکنینەکان بکرێنەوە بۆ ئەوانەی دەرنەچوون، بۆیە بڕیاڕدرا لیژنەی نوێ پێکبهێنرێت".

ئەوەشی خستەڕوو: ‌بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنه‌کانی پێداچوونه‌وه‌ی پزیشکی به‌ شێوه‌یه‌ک ته‌واوی ئه‌ندامانی لیژنه‌ پزیشکیەکه‌ نوێ بن و به‌شدار نه‌بووبن له‌ لیژنه‌کانی پێشووتری پزیشکی، هه‌روه‌ها له‌ سه‌ر داواکاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیمان و بۆ ئاسانکاری بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بڕیاردرا دوو لیژنه‌ی پزیشکی پێکبهێنرێن به‌ شێوه‌یه‌ک یه‌که‌میان له‌ نێو سه‌نته‌ری هه‌ولێر و ئه‌وه‌ی تریان له‌ قه‌زای سۆران کار بکەن و هەفتەی داهاتوو ده‌ستبه‌کار بن.

له‌ ساڵی 2016 پشکنینی پزیشکی بۆ‌ ته‌واوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی کوردستان کرایه‌وه‌ و له‌ پارێزگای هه‌ولێر زیاتر له‌ 6700 که‌س له‌ پشکنینه‌کان ده‌رنه‌چوون یان هه‌ر سه‌ردانیان نه‌کرد. له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له‌ 2000 که‌س داوای دوباره‌ بینینه‌وه‌ی لیژنه‌کانی پزیشکییان کردووه کە لە پشکنینەکان دەرنەچوون لە کاتێکدا رێژەی کەمئەندامیان لەسەدا 50 بەرزترە‌.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure