بڕیارێك بۆ ئه‌و شۆفێرانه‌ ده‌رده‌کرێت كه‌ پاسه‌كانیان مۆدێلى كۆنه‌

هەواڵ / کوردستان :: 08/01/2019‌ :: 254‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
به‌ڕێوه‌به‌رى گواستنه‌وه‌ى سلێمانى ئاشكرایده‌كات: هه‌ر شۆفێرێك پاسى مۆدێل 80 كانى له‌ هێڵه‌كانى پاسدا هه‌بێت ده‌توانێت بیگۆڕێت به‌ مۆدێل (2002)ى ئاڕم كه‌ پێشتر رێگه‌ به‌وه‌ نه‌ده‌درا، ده‌شڵێت :"له‌مكاته‌دا حكومه‌ت ناتوانێت پاسه‌ كۆنه‌كان بگۆڕێت".


له‌ شارى سلێمانى رێژه‌یه‌كى زۆر پاس هه‌یه‌ كه‌ مۆدێلیان كۆنه‌ و وه‌ك ده‌وترێت "باویان نه‌ماوه‌ و له‌كاتى گواستنه‌وه‌ى هاوڵاتیان-دا له‌ هێڵه‌كان ناڕه‌حه‌تى بۆ سه‌رنشینه‌كان دروست ده‌كه‌ن"، ئه‌م پاسانه‌ تا ئێستا پێیان ده‌وترێت (كۆسته‌ر). ئه‌گه‌رچى له‌ زۆرینه‌ى وڵاتانى دراوسێ قیتار و میترۆ و پاسى مۆدێل به‌رز به‌كارده‌هێنرێت، به‌ڵام له‌ سلێمانى تا ئێستا هاوڵاتیان به‌و پاسه‌ كۆنانه‌ هاتووچۆیان پێده‌كرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سدیق محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گواستنه‌وه‌ى سلێمانى به‌ دواڕۆژى وت :"له‌ سلێمانى هه‌زار و 616 پاس هه‌یه‌، زۆرینه‌ى ئه‌و پاسانه‌ى له‌ هێڵه‌كان هاوڵاتیان له‌ گه‌ڕه‌كه‌كان بۆ ناوبازاڕ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پێده‌گوازرێته‌وه‌ مۆدێلیان كۆنه‌ به‌شى زۆریان مۆدێلیان (2002)ه‌ و نزیكه‌ى 200 پاسیش مۆدێلیان (1980)یه‌".

وتیشى :"ئه‌م پاسه‌ كۆنانه‌ به‌تایبه‌تى مۆدێل 80 كان به‌كه‌ڵكى كاركردن نایه‌ن و هاوڵاتیانیش بێزارن لێیان".

به‌ڕێوه‌به‌رى گواستنه‌وه‌ى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا :"حكومه‌ت له‌ رابردوودا پاسه‌ كۆنه‌كانى له‌ شۆفێران وه‌رده‌گرته‌وه‌ و ره‌قه‌مه‌كه‌شى ده‌دانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چوار بۆ پێنج هه‌زار دۆلار، بۆ ئه‌وه‌ى پاسه‌كه‌یانى پێبگۆڕن بیكه‌ن به‌ تازه‌، به‌ڵام ئێستا به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ حكومه‌ت ناتوانێت ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بكات".

باسى له‌وه‌شكرد :"ئه‌گه‌ر بارودۆخى دارایى هه‌رێم ئاسایى بێته‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ زیندوو ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پاسه‌ كۆنه‌كان بگۆڕدرێن و هاوكارى دارایى شۆفێران بكرێت، بۆیه‌ له‌ ئێستادا ناتوانین ئه‌و پاسه‌ كۆنانه‌ له‌ هێڵه‌كان ده‌ربكه‌ین، چونكه‌ حكومه‌ت ناتوانێت پاسێكى مۆدێل تازه‌ى بۆ دابینبكات، ئه‌و كۆمپانیایانه‌شى ئه‌و كارانه‌ ده‌كه‌ن قیسته‌كانیان زۆره‌".

به‌ڕێوه‌به‌رى گواستنه‌وه‌ى سلێمانى، ئاشكراشیكرد :"هه‌ركه‌سێك پاسى مۆدێل 80 لابه‌رێت له‌ هێڵه‌كانى شارى سلێمانى ده‌توانێت پاسێكى مۆدێل (2002)ى ئاڕم بخاته‌ جێگه‌كه‌ى كه‌ پێشتر رێگه‌ به‌وه‌ نه‌ده‌درا".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە